شاڕوخ حەسەنزادە
دوای دەستپێکی شۆڕشی فەرانسە (١٧٨٩) و شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان زلهێزان و ئیمپراتورییەتەکانی ئەوکاتی ڕۆژئاوا هەرکام لە بیرمەندان و فەیلەسووفان هەوڵی ئەوەیان دەدا وەک نەریتی بەر لە خۆیان، ڕوانینێکی نوێ بۆ چەمکی کۆمەڵگە، مرۆڤ و وڵاتان بئافرێنن هەتا جیهان ئاسایش و تەناهیی زیاتر بەخۆوە ببینێت. یەکێک لەو کەسایەتییە کاریگەرانە لە بواری ئاوەز و فەلسەفە "ئێمانۆیەل کانت" بوو کە هزر و بۆچوونەکانی خۆی زۆرتر لە بیرمەندانی وەک "هیۆم"، "ڕۆسۆ" و "لایبنیتس" وەرگرتبوو و هەوڵی دەدا وێڕای پوختکردنی ڕوانینی ئەو کەسایەتییانە بەرهەمی ئاوەزی ڕەخنەگرانەی خۆیشی پێوە زیاد بکا. ناوابرو لەسەر خوانی بەتایبەت چەمکگەلی وەک ئەزموونتەوەری و ئاوەزتەوەری بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە لەهەمبەر مەدەنییەت و هێمنی بۆ هەموو جیهان "ئاشتیی سەقامگیر"ـی داهێنا و لەو نووسراوەیەدا پیشنیار بە وڵاتان دەکا بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و شەڕ و ئاڵۆزییەکان، فێدراسیۆنێک لە وڵاتان پێک بهێنرێت هەتا لەوێدا بتوانن کێشەکانیان بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بکەن بۆ ئەوەیکە هەموو جیهان بەرەو ئاشتییەکی جێگیر و ڕاوەستاو بچێ نەک هەر بە پەیامنامە و بەڵێنی بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕەکان ڕابوەستن. کانت لەلایەک لە مرۆڤناسیی پراگماتیک، ڕوانینێکی کردەیی و کۆمەڵایەتی لە مرۆڤ وێنا دەکا کە ئەمە دەبێتە بەستێنێک بۆ شەقڵگرتنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە لە ئاستێکی نەتەوەیی بۆ دامەزراندنی ئەو شێوەی حکوومەتە ناوازەیەی ئەو بە کۆماری دەیناسیت. هەر ئەمەش دەبێتە دەستپێکێک بۆ بەرەوپێشچوونی هەنگاو بە هەنگاو بۆ گەیشتن بە ئاشتیی سەقامگیر کە لە چەمکە هەرە بەهێزەکانی مافی مرۆڤە. کانت هەوڵ دەدات سەرنجی مرۆڤەکان لە تاکێتی بۆ "مرۆڤجیهانی" ڕابکێشیت، هەر ئەو یاسا جیهانداگرەی کە ببێتە پاڕادایمێک بۆ هەموو گەردوون، بەو شێوازە کە مرۆڤەکان خۆیان وەک هەموو جیهان لەبەرچاو نەگرن، بەڵکوو وەک ئەندامێکی لەو جیهانە دابنێن کە ئەمە دەبێتە پێشگرتن بە ڕەوشی سرووشتی لە مرۆڤەکان کە هابز پێشتر باسی کردبوو، ئەوەیکە جێگا بۆ ئەوەیتر نەکەنەوە و هەر خۆیان بن، بە واتایەکی دیکە مرۆڤ دەبێ بگاتە ئەو باوەڕەی مافی ئەوانی دیکەش بەفەرمی بناسێت و لەو تاکتەوەرییە و خۆخوازییە بێتە دەر، هاتنە دەر لە ئێگۆئیزم و گەیشتن بە پلۆراڵیزم. هەروەها مەرجی گەیشتن بەو کۆمارە جیهانییە بۆ پێناسەی مافی سرووشتیی ئازادی دەگەڕێتەوە، لێرەدایە کانت بۆ پاراستنی مافە سرووشتییەکانی ئازادی یاسایەک بە پێویست دەزانێت.
دوای ئەوەیکە شەڕی جیهانیی یەکەم کۆتایی پێ هات، گرێبەستێک لە پاریس کرا کە بە گرێبەستی ئاشتی ناسرا (دیارە زۆ پێش لەمە و لەسەردەمی چاخی ڕەوشەنگەری، شەڕەکانی بریتانیا و فەرانسە، دامەزرانی ئەمریکا و داخۆیانینامەی ژێنێڤ و... بەجۆرێک باسی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەی سەرەتایی کراوە)، و وڵاتانی بەشداربوو لە شەڕ بڕیاری دامەزراندنی "کۆمەڵەی نەتەوەکان"یان دا کە ئیلهامدەر و بیرۆکەکەی بۆ باوەڕەکانی کانت دەگەڕایەوە و هەوڵەکە ئەوە بوو لەوێدا بتوانن گرفتەکانیان چارەسەر بکەن. دواتر لە شەڕی جیهانیی دووهەم وڵاتانی جیهان بڕیاریان دا ئەو ڕێکخراوە جیهانییە بەرفرەوانتر بکەنەوە و ئەو وڵاتانەی تازە دامەزراندرابوون لە ئاکام ئەو دوو شەڕە، بێنە نێو بازنەیەکی جیهانی کە لە ساڵی ١٩٤٥ بە ٥٠ وڵات و پەسندکردنی ئەساسنامەی ئەو ڕێکخراوە لەسەر داروپەردووی کۆمەڵەی نەتەوەکان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەرزا کە گرنگترین ئۆڕگانی ئەو ڕێکخراوە مەزنە جیهانییە، ئەنجوومەنی تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکانە. سێ ساڵ دواتر لە ١٠ی دێسامبری ١٩٤٨ بە کۆی دەنگی ٤٨ وڵات و بەبێ دەنگی نەرێنی(٨ وڵات دەنگی سپی و بێلایەنییان دا) جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بە پێشەکییەک و ٣٠ ماددە پەسند کرا هەتا جیا لە گەیشتن بە ئاشتیی سەقامگیر و جێگیری کانت، ئازادی و دادپەروەری هەروەها سەرجەم مافە سرووشتی و ناسرووشتییەکانی لەلایەن دەوڵەتانەوە ڕێزیان لێ بگیرێ و دانیان پێدا بنرێ. مەبەست لەو جاڕنامە جیهانییە دابینکردنی ماف و ئازادییەکان بۆ هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم گەردوونەیە و لە دوای پەسندکردنی بەشی هەرەزۆری وڵاتان بەتایبەت دوای پەسندکردنی پەیماننامەی دیکەی هاوتەریب لە ساڵی ١٩٦٦ هەتا ١٩٨٩ (دوو کۆنڤانسیۆنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەروەها مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری هاوتەریب دەگەڵ جاڕنامە پەسند کراون و دوو پەیماننامەی دڵخواز کە یەکیان تایبەت بە لابردنی سزای سێدارەیە پەسند کراون) تەنانەت وەک مافێکی نێونەتەوەیی لێ هاتووە و دەبێ هەموو وڵاتان ڕێز لەو یاسا سرووشتی و ناسرووشتییانە بگرن.
جیا لەمە بەپێی گەنگەشەی جۆراوجۆر و ئەو گۆڕانکارییە جیهانییانەی لە ئاستی دنیادا ڕوویان داوە، شارەزایانی ئەو بوارە هەوڵیان داوە پۆلێنبەندییەک لەنێوان جۆری مادە و خاڵەکانی جاڕنامە و بە گشتی پرسی مافی جیهانیی مرۆڤ بکەن و بەوجۆرە کە ئەوان پێنج جیلیان دەست نیشان کردووە کە جیلەکانی یەکەم و دووهەم و سێهەم لە درووشمی شۆڕشی فەرانسەوە وەرگیردراوە (ئازادی، بەرابەری و برایەتی) واتە پێوەندییان بەو سێ لایەنە گرنگەی ژیانی تاکەکان لە کۆمەڵگەکانەوە هەیە، بەڵام جیلەکانی چوار و پێنجیش بەپێی تێپەڕینی قۆناغەکان و گۆڕانی ژیان و سیستەمە جیهانییەکان دیاردەی دیکەی وەک پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە باسی جیهانی ئینتەرنێت و ڕایەڵکە کۆمەڵایەتییەکان و پرسی ژینگە (کە ئێستا وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی مافی مرۆڤی لێ هاتووە) هەروەها ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی سەریان هەڵداوە، پێویستیی بە پێناسە و مانابەخشینێکی دیکە لە سەر مافەکانی مرۆڤ هەیە.
مکانیزمی کردەکی
ڕاستە ڕەخنەی زۆر لە پرسی مافی مرۆڤ و بێدەسەڵاتیی ئەو ڕێکخراوانە دەگیرێ، بەڵام ئەگە جوان سەرنج بدەین بەتایبەت دوای شەڕی سارد، زۆرێک لەو وڵاتانەی مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە یان بەدژی خەڵک جینایەتیان کردووە نەک هەر لێپرسینەوەیان لێ کراوە، بەڵکوو سزاش دراون. بۆ وێنە لە یوگسڵاویی پێشوو، لە وڵاتی ڕواندا، سوودان، دارفوور، لە عێراق (دانانی ناوچەی دژە فڕین بۆ پێشگرتن بە کوشتنی کوردەکانی باشوور)، لە کۆزۆڤۆ و زۆر شوێنی دیکە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مکانیزمی یاسایی کە پێناسەی بۆ کراوە و بە ئۆڕگانی پڕکاریگەری خۆی واتە ئەنجوومەنی تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانەی کردووە، واتە نەتەوە یەکگرتووەکان بەو ڕاپۆڕتانەی لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ئەو بەستێنە بۆی هاتبوو و بە ئاشکرا و بە زەقی ئەو وڵاتانە سەرقاڵی کوشتن و گرتن و جینایەت بوون، سەرەتا بە کاراکردنی دادگای کەیفەریی نێونەتەوەیی کە بە دادگای لاهە ناسراوە و لە تاوانەکانی وەک ژینۆساید، جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی، جینایەتی شەڕ و دەستدرێژی دەکۆڵێتەوە و بە یاساییکردن و پەسندکردنی هەموو وڵاتان بەتایبەت ئەو ٥ وڵاتەی مافی ڤێتۆیان هەیە دەتوانێ دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە بکا، تەنانەت ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتی لیبی دوای ئەوەیکە سەرۆک و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بەدژی خەڵکی ڕاپەڕیو و وەزاڵەهاتوو بە شێوەیەکی هۆڤانە جووڵانەوە و زیاتر لە ٦٠ هەزار کەسیان دەسبەسەر کرد و بە تانک و تۆپ و چەکی قورس داوای ڕەوای خەڵکیان سەرکوت دەکرد، ئەو دادگایە بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە مەیدان و دوای لێکۆڵینەوە، ڕاپۆڕتی خۆی دایەوە بە وڵاتان کە ئەمە بووە هۆی ئەوەیکە هیچ وڵاتێک نەتوانی چیدیکە پشتیوانیی لێ بکا و حوکمی گرتنی قەزافی و سەرکردە باڵاکانی ئەو وڵاتە بدرێت. کەواتە هەر وڵاتێک کاری بگاتە ئەو جێگایەی ئاوا بە جددی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بکا و دەرحەق بە خەڵک جینایەت بکا، بەدڵنییایەوە لێپرسینەوەی جیهانیی لێ دەکرێت و بڕیاری قورسی بەسەردا دەسەپێنن لەپێناو پاراستنی بەها مافەمرۆڤییەکان و خەڵکی ئازادیخواز. هەڵبەت ئەوەندەش بگوترێ کە، لایەنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی وڵاتان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو بڕیاراتانە هەیە و زۆرجار ئەو بەرژەوەندییانە مافی مرۆڤ دەکاتە قوربانی.
بەنیسبەت دۆخی ئێستای ئێران بەتایبەت کوردستان یەکجار زۆر ئاڵۆز و ناجێگیرە، بە جۆرێک ڕۆژانە خەڵک دەگیرێن، دەکوژرێن و بریندار دەکرێن. ڕێژیم بە هەموو شێوازێک خەڵک دەچەوسێنێتەوە و ئەشکەنجەیان دەکا و تەنانەت باس لەوە دەکرێ لە بەندیخانەکاندا دەستدرێژی دەکرێتە سەر دەسبەسەرکراوان. چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، جوانڕۆ و سنە هێزە سەرکوتکەرەکان بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر خەڵک و دەستیان لە هیچ کردەوەیەکی ناڕەوا، نەشیاو و نامرۆڤانە نەپاراست و ئەو هێزانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی زایەند و تەمەن و نەخۆش و ... خەڵکیان گرتووە و ئەشکەنجەیان داون. ئەوەی لە کوردستان کرا دەکرێ وەک جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی سەیر بکرێ یان ئەوەی لە بەلووچستان کرا کۆمەڵکوژی و جینایەت بوو. هەڵبەت لە زۆر ناوچەی دیکەی وەک باکووری ئێران ڕێژیم بە هەموو شێویەک هەوڵی سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیو دەدا کە بە هێمنانەترین شێواز داخوازییەکانی خۆیان دەردەبڕن. بۆیە دەبێ جیهان لە حاند ئەو هەمووە چەختیگەرییەی ڕژیم بێتە گۆ و حکوومەت ناچار بە وەڵامدانەوە بکەن و پێش بەو هەمووە جینایەتانە بگرن، ڕەنگبێ ئەو کۆمیتەیەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر داوە، دەستپێکێکی باش بێ بۆ گەیشتن بەو قۆناغەی هەموومان چاوەڕوانی دەکەین، ئەویش پشتتێکردنی هەموو وڵاتانی کاریگەری جیهان لەم ڕێژیمە و هەرچی زیاتر گەمارۆدانان و شێوازی دیکە بۆ بەچۆکداهێنانی و گەیشتنی خەڵک بە هەموو هیوا و ئاواتەکانیان کە هاوتەریبە دەگەڵ بایەخەکانی جیهانیی مافی مرۆڤ، بێ.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.