کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوکوڵاتێک بە تامی ژەقنەمووت

13:23 - 1 بەفرانبار 2722

تاهیر قاسمی

ڕۆژی١٠ی سەرماوەز ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕەئیس‌جومهوری دڵخوازی عەلی خامنەیی سەردانی شاری سنەی کرد. سەردانەکە لە ڕواڵەتدا بە بیانووی کردنەوەی پڕۆژەیەکی گەیاندنی ئاو بۆ ماڵان بوو، بەڵام پڕۆژەیەک کە هێشتا نیوەچڵە و تەنیا لە سەدا پازدەی کارەکانی تەواو بووە، ئەو گومانەی بە هێزتر کرد کە مەبەستی ئەو سەردانە ئەوە بوو کە وا نیشان بدرێ کوردستان وەک کانگای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، لە دۆخێکی ئاسایی‌دا‌یە و ناڕەزایەتی تێدا کۆتایی هاتووە.

ئەو ڕۆژەی کە ژینا نێژرا و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بەم بۆنەوە لە شاری سەقز درێژەی کێشا، سنە یەکەم شاری کوردستان و ئێران بوو کە هاوکات هاتە سەر شەقام و بە دروشمی "سەقز بە تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە"، ناڕەزایەتیی خۆی لە جینایەتی کوژرانی ژینا نیشان دا. ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانە بە درێژایی سێ مانگی ڕابردوو کەم و زۆر لەو شارەدا بەردەوام بووە و دەکرێ بڵێین لە ئاستی هەموو ئێراندا زیاترین و ماوەدارترین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی تێدا بەڕێوە چووە. خوێندکارانی زانستگاکانی ئەو شارە پێشەنگی سەرهەڵدانی زانستگا و زانکۆکانی ئێران بوون و دووکانداران و بازاڕییانی بەردەوام پایەیەکی گرینگی مانگرتنەکان بوون. لەم سۆنگەیەشەوە چەندین شەهیدی پێشکەش بەم سەرهەڵدانە کردووە، دەیان کەسی لێ بریندار بووە و سەدان کەسیشی لێ دەستبەسەر کراوە. هەموو ئەوانەش وایان کرد کە ئەم شارە بە ناوەندێکی گرینگی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا بناسرێ. هەر بەو پێیەش بۆ ڕێژیم گرینگ بوو کە وا نیشان بدا کانگای سەرهەڵدان ئارامە و هیچ ناڕەزایەتییەکی تێدا نەماوە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە سنە، بە عادەتی سەردانی سەرکۆمارەکان، ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەوڵەتی، هێزە چەکدارەکان، کۆنەجاشەکان و ژن و منداڵەکانیان بۆ ڕەئیسی کۆ کردەوە تا باسی ئاسایی‌بوونی دۆخی کوردستانیان بۆ بکا. بەڵام ئەمجارە پێشبینیی کەمیی حەشیمەتی بەشداریان کردبوو و بۆیەش هۆڵێکی بچووکتریان بۆ کۆبوونەوەکە دیاری کرد. بەو حاڵەش، بۆ پڕکردنەوەی هۆڵەکە، ناچار بوون لە کارمەندانی شارەداریی شارەکە کەڵک وەرگرن. سەرەڕای هەمووی ئەوانە، ئەو ڕێژەیە بۆ شارێکی میلیۆنیی وەک سنە دڵۆپێک لە دەریا بوو و بە هیچ لایەکدا سەرکەوتنی سەردانی سەرکۆماری پێ نیشان نەدەدرا. بۆیەش دوای قسەکانی، کاربەدەستانی شارەکە پێشی سەرکۆمار کەوتن و بە شەقامێکی شاردا پەلکێشیان کرد تا وا نیشان بدرێ دۆخی شار ئاساییە، ناڕەزایەتیی تێدا نییە و دووکان و بازاڕەکانی ڕەوتی ئاسایی خۆیان تێپەڕ دەکەن. چونکە سەردانەکەش تا ڕادەیەک کتوپڕ بوو، ناڕەزایەتییەکی ئەوتۆی بۆ ڕێک نەخرابوو. لەو گەڕانەدا ڕەئیسی بە سەر دووکانێکی شوکوڵات فرۆشیدا کەوت کە کابرای شوکوڵات فرۆش بەهەڵکەوت لە بەر دەرگای دووکانەکەی ڕاوەستابوو. بە دیتنی سەرکۆمار و ئەو هەموو دەستە و دایرەیە، شوکوڵات فرۆش تووشی پەشۆکان بوو و دەست و پێی خۆی ون کرد. بۆ تاوێک هەڵوێستی ئەو ماوەیەی خۆی و هاوپیشەکانی لەبیر چۆوە کە لە مەودای دوو مانگدا نیزیک بە پازدە ڕۆژ دووکانیان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ژینا داخستبوو. بە خدەی میوانگریی کوردان، لوێچێک شوکوڵاتی بۆ سەرۆک کۆمار ڕاداشت و ئەویش وەک بڵێی دەسکەوتێکی گرینگی دەستەبەر کردبێ و بەو شوکوڵاتە گوێچی خۆی گرتبێ، بە بزەیەکەوە دەنکێکی لێ هەڵگرت و درێژەی بە ڕێگای خۆی دا. هەر بەو دەستوورە سەری بە دووکانێکی دیکەشدا کرد کە خاوەن دووکان خەریکی کاری ئاسایی خۆی بوو. ئەوەی لە هەر دوو دووکانیشدا سەرنجی بینەر و مێدیاکانی ڕادەکێشا پشت‌تێ‌کردن، حیساب‌بۆنەکردن و بایکۆت‌کردنی خاتوونانی کورد لە سەرکۆماری ئێران بوو. بەڵام هەڵوێستی لێبڕاوانەی خانمان نەبوون بە هۆی ئەوە کە شوکوڵاتەکەی فەیزوڵڵا دڵی برینداری کوردان، بریندارتر نەکا.

خاڵێکی هەرە گرینگ کە لە سەرهەڵدانی ژینادا کە بە درێژایی سێ مانگی ڕابردوو بەردەوام و بە زەقی خۆی نواند، نیشاندانی ئاستی بەرزی یەکگرتوویی گەلی کورد و دژایەتیی چڕی خۆپێشاندەران لەگەڵ دیاردەی جاشایەتی و نۆکەرایەتی بۆ ڕێژیمی داگیرکەرە. ئەوە هەتا ئێستا هەم لە دروشمەکاندا و هەمیش لە کردەوەدا بەهەراوی ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام شوکوڵاتەکەی فەیزوڵڵا پێچەوانەی ئەوەی نیشان دەدا و مێدیاکانی دەسەڵاتیش زۆر بەخەستی خەریک بوون ڕێکلام بە شوکوڵات بەخشینی دووکاندارێکی کورد لە شارێکی کوردستان بە سەرکۆماری جمهوری ئیسلامی بکەن کە زیاترین بەرخۆدانی دژ بە داگیرکەر تێدا هاتووەتە ئاراوە.

 بەدرێژایی سێ مانگ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و دروشمدان، لەلایەن خەڵکی خۆپێشاندەرەوە تا ئێستاش هیچ حیسابێک بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک‌کۆمار نەکراوە. وەک بڵێی خۆپێشاندەران ئەو بە هیچ دانانێن یان هەتا عەلی خامنەیی وەک ڕەهبەر لەوێ بێ، سەرۆک‌کۆمار بە ڕەسمیی ناناسن. نە دروشمی لە دژی دەدەن و نە داوایەکی لێ دەکەن. بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوە کە خەڵک لە بیری نەبێ ڕەئیسی هەم بۆخۆی مێژوویەکی ڕەشی لە کوشتاری دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ وێنە وەک لێژنەی لەداردانی بەندکراوان لە ساڵی ٦٧ هەیە و هەم بە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتێک هات بۆ کوردستان کە هەتا ئەوکاتە نیزیک بە سەد و بیست لاوی کورد و سەدان لاوی ئێرانی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا کوشتووە. ئەوە جگە لە مێژووی پڕ لە کوشتاری ئەو ڕێژیمە بەدرێژایی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی بە سەر ئێران و کوردستاندا. هەر بۆیەش زارشیرین‌کردنی نەیدەتوانی بکەوێتە خانەی خووی میوانگریی تاکی کوردەوە. میدیاکانی کۆماری ئیسلامییش ئەوەیان لەو هەلومەرجەدا پێ سەیر بوو بۆیە ڕێکلامێکی زۆریان بە پێشوازیی دووکاندارێکی کورد و بە شوکوڵاتەکەوە کرد. پەیتاپەیتا وەک نیشانەیەک لە ئاسایی‌بوونی دۆخی سنە و وەک خۆشەویستیی کوردێکی دووکانداری کوردستانی بۆ سەرکۆماری ئێران نیشانی بینەرانیان دەدا. تا ئاستێک کە کۆی سەردانەکە کەوتە ژێر سێبەری ئەم ڕووداوەوە.

کوردستان وەک ژینگەی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، دووکاندارانی کوردستان لە پێشەوەی ئەم سەرهەڵدانە و سنە وەک کانگای هەرە سەرەکیی شۆڕشەکە و خاوەنی درێژترین ماوەی بەرخۆدان و پێشکەش کردنی چەندان شەهید، ئەو چاوەڕوانییەی لێ نەدەکرا کە تێیدا بە شیرینی و شوکوڵات پێشوازی لە بکوژی ڕۆڵەکانی بکرێ. هەربۆیەش ئەم پێشوازییە پێ‌ناخۆش‌بوونی هەمووانی لێ کەوتەوە. ئەم پێ‌ناخۆشبوونەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگی دایەوە و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ کرا؛ هەبوون پێیان وا بوو بەرنامەی لەپێشدا داڕێژراو بووە و هەشبوون وەک هەڵەی تاک و پەرچەکرداری کتوپڕی دووکاندار چاویان لە ڕووداوەکە دەکرد. بەڵام هەمووان لە سەر هەڵەبوونی پێشوازییەکە و هۆی زیانگەیاندن بە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لەو هەلومەرجەدا کۆک بوون.

 بە خۆشییەوە پێ‌ناخۆشبوونەکان زۆریان نەخایاند. فەیزوڵڵای شوکوڵات فرۆش لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێ‌ناخۆشبوونی خەڵکی بە گوێ گەیشتەوە و زۆر زوو وەخۆ هاتەوە. زانی کە بەم شوکوڵاتە بێ‌نرخە، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ و مەبەستی بووبێ دڵی خەڵکی برینداری بریندار کردووە. بۆ قەرەبووی ئەو هەڵەیەش، ڤیدیۆیەکی کورتی بڵاو کردەوە و لە کاتێکدا سوێندی بە قورئانەکەی بەر دەستی دەخوارد، ئاشکرای کرد کە ڕووداوەکە مەبەستدار نەبووە و کتوپڕ بووە. بەتایبەتیش ئەوەی بۆ مشتەرییەکانی گێڕاوەتەوە؛ لە پڕ کە چاوی کردۆتەوە، سەرکۆماری وڵاتێک وێڕای خەڵکێکی یەکجار زۆر ئەوە لە بەر دەرگایەتی و نەیزانیوە چ بکا! لە سەر ئەم هەڵەیە داوای لێبوردنی لە گەلی کورد یان بە وتەی خۆی لە "خەڵکی کوردەواری" کرد. بەوەش جارێکی دیکە بە بیر هەمووانی هێنایەوە کە کورد هەرچەندی میوانگر بێ و هەرچەندی لەگەڵ میوانان سەر و ڕووی خۆش بێ، خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی لەبیر ناچێ و لە بکوژی ڕۆڵەکانی خۆی خۆش نابێ. هاوکات جارێکی دیکە یەکگرتوویی ڕیزەکانی گەلی کوردی لە حاند بێگانە و دوژمندا پێشانی هەموان دایەوە. داوای لێبوردنەکە زۆر زیاتر لە شوکوڵات بەخشینەکە دەنگی دایەوە. شۆڕشگێڕان داوای لێبوردنەکەیان پەژراند و بەگەرمی پێشوازییان لێ کرد. خەڵکی ئێران سەبارەت بەو پاشگەزبوونەوەیە سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕی و دەستخۆشییان بۆ نارد. هاوکات سەرۆک‌کۆمار تووشی ناهومێدی هات و دەسکەوتی سەفەرەکەی لێ بۆوە بە بڵقی سەر ئاو. تا ئاستێک کە نەیتوانی وەک ڕووداوێکی نەبیستراو و نەدیتراو دایبنێ و چەند ڕۆژ دواتر لە ڕێوڕەسمی حکوومەتیی ڕۆژی خوێندکار لە زانستگای تاراندا، تووڕەیی خۆی لە داوای لێبوردنی شوکوڵات فرۆش دەربڕی و نیشانی دا کە بەو پەژیوان بوونەوەیە، شوکوڵاتەکەی فەیزوڵڵا لە دەمیدا بووە بە ژەقنەمووت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.