سارۆ خوسرەوی
جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان و تێکەڵنەبوونی هەراوی شارە گەورەکانی ئێران لە شۆڕشەکەدا، پێمان دەڵێت هێشتا زۆرێک لە خەڵکانی ئێران، مێشک و کۆدەکانی بیرکردنەوەیان بە سیاسەتی جوداییخوازیی ڕێژێمی ئێران ئاخێنراوە و نیگەرانی ئەوەن لە ئەگەری ڕووخانی ئەم ڕێژێمەدا، وڵات دابەش بکرێت. ئەمەش ئەرک دەخاتە سەر شانی ڕووناکبیرانی کورد کە پتر لە ئێستا ئە وێنەی جوداییخوازییەی لای نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە بارەی کوردەوە دروست بووە، بیگۆڕن.
ئێمە دەزانین ساڵانێکە دەسەڵاتدارنی تاران و ناسیۆنالیستی ئێرانی بە گشتی، خەڵکی ئێرانیان وا تێگەیاندووە کە کوردەکان جوداییخوازن و دەیانەوێ ئێران پارچە پارچە بکەن، بەڵام لە ڕەوتی ئاخێزی ژینادا، تا ڕادەیەک ماهییەتی ڕێژێم بۆ گەلانی دیکەی جوغرافیای سیاسیی ئێران ئاشکرا بوو، کە ئەم ڕێژیمە تەنیا لەپێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵات و سەرکوتکردنی ئازادیخوازانی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانە کە لە دەستەواژەی جوداییخوازی کەڵک وەردەگرێ.
هاودەنگی و هاوهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەڕ پشتگیرییان لە ئاخێزی سەرتاسەریی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، زەبرێکی بەهێز بوو لە پەیکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوت. بۆ ڕێژێمێک کە زۆرتر لە چوار دەیەیە هەوڵی خەڵەتاندنی خەڵک دەدات و کۆمەڵگە چەواشە دەکات، چاوەڕواننەکراو بوو گەلانی ئێران لە یەک کاتدا بڕژێنە سەر شەقام و دروشمی مەرگ و نەمانی بۆ بڵێنەوە. ئەگەر هەتا دوێنی، مێشکی مرۆڤی ئێرانی پڕ دەکرا لە درۆ و دەلەسە لە بارەی ماف و داخوازییەکانی گەلی کورد، بە خۆشییەوە ئەوڕۆ زۆرێک لە خەڵکی ئێران، بۆ خۆیان دنیای ڕاستییەکان دەبینن و بە دوور لە دەمارگیریی نەتەوەیی، لە هەوڵی چەسپاندنی ئاشتی، هاوخەباتی و سەقامگیریی دیمۆکراسی دان.
خۆپیشاندان و چالاکیی کوردان لە دیاسپۆرا ڕۆڵ و شوێنی خۆی هەیە، بەڵام ڕەنگە بە ئەو ڕادەیە کاریگەر نەبێت کە ڕووناکبیرانی کورد شانبەشانی سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەخشە بۆ سیاسەتێکی تازە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا بکێشن. بۆ نموونە دەرفەتی ئەوە هەیە لە ڕێی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەزموونی سیاسی و شۆڕشگێڕیی خەڵکی کورد لەگەڵ چینی نوخبە و ڕووناکبیری ئێران بێننە گۆڕێ. ئێستاش بۆ زۆرێک لە ڕووناکبیرانی غەیرەکورد ئەو پرسیارە دێتە ئارا، داخۆ چۆنە کۆماری ئیسلامی لە پاش ئەو هەموو ساڵەی لە کوردستان، نەیتوانیوە مێشکی کوردان دیلی دەستی سیاسەتەکانی خۆی بکات. وەڵامەکەی بۆ ئێمەی کوردان ڕوونە، لە بەر ئەوەی لە کوردستان بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەردەوام لە تێکۆشاندا بووە و ڕێژێم نەیتوانیوە بۆشایی لەنێوان گەل و حیزبە سیاسییەکاندا دروست بکات. کاتێک هەموو لایەنە سیاسییەکانی کورد بە یەکدەنگی داوای مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن و گەل بە ئەرێنی، وڵامی داواکارییەکانیان دەداتەوە، ئەوکات فرەتر زیندووبوونی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و وشیاریی سیاسیی گەل بۆ دەسەڵاتداران و خەڵکانی ئێران بەگشتی ڕوون دەبێتەوە.
کورد لە زۆر قۆناغی جیاوازدا، بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی هەنگاوی هەڵهێناوە و لەو چوارچێوەیەدا باجی گەورەشی داوە، هەرگیز لە مەیدانی تێکۆشانیش نەکشاوەتەوە، بۆیە زۆر گرینگە ئەم وانەی بەرخۆدان و نەبەزینە، بکرێتە کولتووری تێکۆشانی هاوبەشی گشت گەلانی ئێران دژبە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی.
لە ئاخێزی ژینادا هەتا ئێستا گەلانی بەلووچ و کورد زۆرترین قوربانییان داوە، لە بەر ئەوەی شارە گەورەکانی ناوەندی ئێران، نەیانتوانیوە بەو جۆرەی پێویستە پشتگیری لە گەلانی بەلووچ و کورد بکەن. لێرەدا ڕۆڵی ڕووناکبیرانی کود لە وشیارکردنەوەی نەوەی ئازادیخوازی ئێستای ئێران زۆر گرینگە. ڕووناکبیری کورد، پێویست دەکات بۆ پێشخستنی تێکۆشانی سیاسیی هاوبەش لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران، بیرە بنەڕەتییەکانی تێکۆشانی ڕزگاریی خۆی شی بکاتەوە و تەمی زێهنییەتی جوداییخوازیی کوردان لە مێشکی ڕووناکبیرانی ئێرانی بڕەوێنێتەوە. واتە زۆر گرینگە ڕووناکبیرانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە قەوارە و چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا بیر لە تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ ڕووناکبیران و ئازادیخوازانی دیکەی ئێران بکەنەوە. توانستنی بیرکردنەوەی ڕووناکبیرانی کورد نابێت تەنیا لە ئاستی ویست و داخوازییەکانی گەلی کوردەا قەتیس بمێنێ و خۆی لە خەباتی هاوبەش بەدوور بگرێ، بەڵکوو باشترە بە بوێرییەوە توخنی تێکۆشانی هاوبەش بکەوێ و پێشەنگبوونی خۆی لە تێکۆشانی یەکپارچەیی گەلانی ئێران، باشتر و بە کردەوەتر بسەلمێنێت.
کەواتە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران جاریکی دیکە بە بیانووی مەسەلەی جوداییخوازیی، نەوەی دەیەی هەشتا وەک نەوەکانی پێشوو چەواشە نەکەن، ڕێگە ئەوەیە ڕووناکبیرانی کورد، بە شێوەی قووڵ و فراوان خۆیان بۆ تێکۆشانی ئازادی لە چوارچێوەی جوگرافیای سیاسیی ئێراندا تەرخان بکەن و ڕووناکبیرانی نەتەوەکانی دیکە و یەک لەوان فارسەکانیش پێویستە بە چاوی کراوە و لۆژیکی سەردەمیانەوە بڕواننە ئێستا و داهاتووی ئێران و گرینگترین پرسی ئەم وڵاتە کە پرسی فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافی نەتەوەیی و وەکیەکی ئەو نەتەوانەیە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.