کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە ناوچەی گەلی بەردەڕەش و برادۆستی ورمێ

17:41 - 1 بەفرانبار 2722

کاک ساڵح ئیسلامی ئەمین، کەسایەتییەکی ناسراو و نیشتمانپەروەری ناوچەی گەلی بەردەرەش و برادۆستی شاری ورمێ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی شەممە ۲٦ی سەرماوەزی ۱٤۰۱ی هەتاوی، مام ساڵح ئیسلامی ئەمین، خەڵکی گوندی دێرێ سەر بە ناوچەی گەلی بەردەڕەشی ناوچەی برادۆستی ورمێ، بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی خومەینی لە ورمێ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە نیشتمان و کەسوکاری کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.

مام ساڵح، کەسایەتییەکی دیار، خۆشناو و جێگای ڕێزی تایبەتی خەڵکی ناوچەکە بوو و  پشت و پەنای هەمیشەیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شۆڕش بوو، بەهۆی دڵسۆزیی  بۆ خاک و نیشتمان و ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات هەیبوو، وای لە مام ساڵح کردبوو کە لەلایەن تێکۆشەرانی دێموکراتەوە لە ناوچەکەدا ڕێزی تایبەتی لێ‌ بگیرێت و هەتا خەڵکی ناوچەکە وەک کەسێکی باوەڕپێکراوی حیزب ڕێزیان لێ دەگرت و ڕاوێژیان لەگەڵ دەکرد.

مام ساڵح بە تۆمەتی ئەوەیکە هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کردووە و چەند پێشمەرگەی برینداری لە شەهیدبوون ڕزگار کردووە، ساڵی ۱۳۷۲ی هەتاوی، لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و وێڕای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ ماوەی ٤ ساڵ زیندانی کرا.

مام ساڵح هەتا دواهەناسەکانی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان و حیزبە خۆشەویستەکەی، وەفادار مایەوە.
تەرمی ناوبراو بە بەشداریی خەڵکێکی زۆری ناوچەکە لە گوندی کورانەی ناوچەی برادۆست بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکاری مام ساڵح و هەموو خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆست دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.