کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قەزای سۆران بەبۆنەی شەوزستان و ۹۲یەمین ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان خاتوو سێبەر سێلەکە پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە بەناوی کومیتەی یەکیەتیی لاوان بەخێرهاتنی میوانەکان کرا، لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا چەند وتەیەک لەلایەن پێشەوا عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی لاوان پێشکەش کران، پێشەوا عەلیپوور لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەری دوکتور قاسملوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد و حیزبی دێموکرات، ئاماژەی بە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنان و لاوانی لەو شۆڕشەدا بەرز نرخاند. پێشەوا عەلیپوور هەروەها بە ئاماژەدان بە جینایەتەکانی ڕێژیم و بیرهێنانەوەی جینایەتی تێرۆری شەوی یەلدا، وتی کە لاوان بە بەشداری زیاتریان لە خەبات پیلانەکانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردۆتەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز ڕامین عومەرزادە بەرپرسی کومیتەی حیزب لە سۆران چەن وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا خەباتی دوکتور قاسملوو و گرنگی دانی حیزبی دێموکرات بە توێژی لاوانی هێنایە بەرباس.
بڕگەی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بریتی بوو لە دوو پارچە شێعر کە لەلایەن بەڕێز عەلی دڵسۆز کادری حیزبی دێموکرات و هەروەها سێبەر سێلەکە ئەندامی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوان پێشکەش کران.
شایانی باسە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە سروودێک لەلایەن بەڕێز عەلی ڕۆژهەڵات ڕازێندرایەوە.