کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی گشتی بۆ مانگرتن و ڕاپەڕین دژی ڕێژیم

11:13 - 12 سەرماوەز 2722

چالاکانی ئێرانی و کوردستانی لە بەنگەوازێکدا داوایان لە هاونیشتمانییان کردووە کە ڕۆژانی ١٤، ١٥ و ١٦ی سەرماوەز، بە مانگرتنی گشتی و ڕژانە سەر شەقامەکان، ڕاپەڕینێکی گشتی دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران دروست بکەن.

چالاکانی نێوخۆی ئێران و بەتایبەتی کوردستان، لە بانگەوازێکدا داوایان لە خەڵکی خۆڕاگر و قارەمانی هەموو شارەکانی ئێران کردووە کە ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەی ئەم حەوتوویە، سێ ڕۆژ بە مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازاڕەکان و هەروەها ڕژانە سەر شەقامەکان، ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم ببنەوە و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لە ئێران سەر بخەن.

ئەو بانگەوازە لەلایەن یەکیەتیی خاوەن ماشینە بارهەڵگرەکانی ئێران، زانکۆی تاران، زانکۆی کوردستان، چالاکانی بەلووچ، لە شاری ورمێ لەلایەن دوو نەتەوەی کورد و تورکەوە و هەروەها لاوان و چالاکانی مەدەنیی خەڵکی کامێران و زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان بڵاو کراوەتەوە و داوایان لە هەموو خەڵک کردووە کە لە ڕۆژانی دیاریکراودا وێڕای داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانگرتنی گشتی، لە هەموو شارەکان پێكەوە بۆ ڕاپەڕینێکی گشتی دژی ڕێژیمی ئێران بڕژێنە سەر شەقامەکان.