وتووێژ: کاروان میراوی
بەرایی: شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیک بە سێ مانگ بووەتەوە و لەم ماوەیەشدا ئەگەر زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی ئێران و کوردستانیش جاروبارە هێوەر بوونەتەوە، بەڵام کۆمەڵێک لە شارەکان و بەتایبەت شاری سنە بەردەوام و بەبێ ڕاوستان لە شەقامدا بوونە و تەنانەت یەک ڕۆژیش شەقامیان چۆڵ نەکردووە و خەڵکی ورەزاڵەهاتوو لەسەر داوا ڕەواکانی خۆیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سوورتر دەبن و هەڕەشەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و گرتن و کوشتن نەک تەنیا خەباتکارانی سەر شەقام ناترسێنێت، بەڵکوو زیاتر هانیان دەدات بۆ بەردەوامبوون، شۆڕشگێران لە چلەی شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینەدا پەیمان نوێ دەکەنەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ڕاپەڕین و شۆڕش و ئەمەش یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئەو بەردەوامبوونەیە و خوێنی شەهیدان مەشغەڵی گڕکانی ئەم ڕابوون و ڕاسانەیە. لەسەر ئەم مژارە تۆڕی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بەڕێز هەڵۆ ئەردەڵان (ناوی خوازراو) خاوەن بڕوانامەی ماستەر، چالاکی سیاسی و یەکێک لە هەڵسووڕاوانی شۆڕشی ژینا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە.
کاک هەڵۆ سەرەتا سپاس بۆ بەشداریتان لەم هەڤپەیڤینەدا، با بەم پرسیارەوە باسەکەمان دەست پێ بکەین؛ هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئێستە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین قۆناغی هاوشێوەی ئەم شۆڕشەی ژینای تێپەڕ کردووە، بە بۆچوونی ئێوە جیاوازیی ئەم جارە لەگەڵ جارەکانی پێشووتر لە چیدایە؟
سەرەتا سڵام و ڕێزم هەس بۆ ئێوەی ئەزیز و هاوکارانی بەڕێزتان!
سەبارەت بەم پرسیارە ئەبێت ڕاشکاوانە عەرزی ئێوە و خوێنەرانتان بکەم کە چە لە ئەو پاشاگەردانییەی دوای دەسەڵاتی ڕەزاشای پەهلەوی و سێ ــ چوار ساڵی بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و دوای نەمانی کۆماری کوردستانیش، هەروەها لە شۆڕشی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی و دواتریش ڕاپەڕینی خەڵکگەلێک کە ئاکامەکەی بوو بە شۆڕشی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران و سەرەونخونبوونی ڕێژیمی پاشایەتی و ئەو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینگەلەی دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامییش لە ئێران، هیچ کام لەو ڕاپەرینگەلە هاوشێوەی ئەم ڕاپەڕینەی ئیسە نابینم و وەک ئەم شۆڕشە بەراوەردیان ناکەم.
بەڵام جیاوازیی ئەم جارە لەگەڵ جارەکانی پێشوو لەوەدایە کە بە شانازییەوە پێشەنگایەتیی ئەم جارە بە شێوەکی بەرچاو و کارا، کچان و ژنانی سەربەست و چاونەترسی کۆمەڵگەکەمان لە ئەستۆیان گردگە و لێرەش نابێت ڕۆڵی ئەو دایکانە لەبیر بکەین کە بە زانایی تەواو کوڕ و کەنیشکگەلێکیان پەروەدە کردگە و ئەم ڕۆژانە بە لەخۆبردوویی ئەیاننێرن بۆ گۆڕەپانی خەبات. ئەوەی ئیسە لە ڕۆژهەڵات هەیە، ئەو بەیتە شێعرەی ماموستا هێمن دەخاتەوە بیرمان کە ئێژێت:
"دایکـی زانایە کوڕی ئازا دەنێرێتە خەبات
من گوتـم، تۆش تێبگە ناگاتە دەریایە زنە".
هەروەها سەرەڕای ئەو هەموو کوشتن و بڕینە لە گشت ناوچەکانی ئێران، هێشتا کوردە کە لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا لە سەنگەر ماگەسەوە و سەرباری سەرکوتی فرەتر لەچاو باقی نەتەوەکانی ناو ئێران (جگە لە نەتەوەی بەلووچ کە وکوو نەتەوەی کورد و لەو ئاستە سەرکوت کریاگە) هۆشیاریی نەتەوەیی و سەروەریخوازی و داواکاریی هەموو مافە نەتەوەیییەکان هەر لە بیرمان نەچوگەسەوە و ئەگەر وردبینانە چاوی پێدا بخشنین، بۆمان دەردەکەفێت کە ئەم جارە کورد ڕێبەری و پێشەنگایەتیی ڕاپەڕینێک دەکات لە گشت ئێران کە بنەمای هزری و زەینی و دیسکۆرس و وێژمانی ئێرانی لە باری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژوویی دەخاتە ژێر پرسیاری بنەڕەتی و بگرە تێکیشی دەدات، هەروەها بڕبڕەی پشتی دوو دیسکۆرسی ئایدئۆلۆژیک و بگرە ئایینتەوەریش بە هەردوو باردا -ئێرانی باستان و ئێرانی سەفەوی ئایینی- لەیەک هەڵدەوەشێنێتەوە و دایدەپڵۆسێنیت. ئەم ڕاپەڕینە هەنگاو بە هەنگاو بە شێوەیەکی ڕیشەیی بەرەو ئامانجێک دەڕوا و لیزگ دەکێشێت بەسەر وڵاتێکدا -کە سەرباری فاشیستبوونی دەسەڵات و بێدەنگیی نەتەوەی فارسی دەسەڵاتبەدەست و نەتەوەی تورک کە بەشێکن لە دەسەڵات و شەریک و هاوبەشی فارسن- و بە جۆرێک ڕووناکی دەبەخشێت بە گشت چین و توێژەکانی ناو ئەو جوگرافیایە کە ئیتر ئەگەر خۆشی گەرەکی بێت ناتوانێت بێهەڵوێست بێت، هەرچەند ئەم قسە بە مانای ئەوە نییە کە کردەوەی ئەوان بەقەد کورد ڕیشەیییە و ئەوان بەس بنەمای دەسەڵاتیان کردگە ئامانج و ئاگایانە یان نائاگایانە نایانهەوێت سیستەمی دەسەڵات و ئێران تێک بدرێت.
خاڵێکی تریش کە گەرەکمە ئاماژەی پێ بدەم؛ بەشداریی لایەنی ئایینی و بانگەوازەکانیانە لە پشتیوانیی خەڵکی ڕاپەڕیو کە بە شێوەیەکی بەرچاو هەم بەربڵاوە و هەم لە گشت بانگەوازەکاندا کە تا ئیسە بینراوە، ڕادیکاڵتر و قایمتر بنەماکانی ڕێژیم کردووەتە ئامانج و بەردەوام ئەکاتە ئامانج، تا ئاستێک کە ڕووخاندنی ڕێژیم ئەباتە قۆناغی "واجبی شەرعی" و ناڕاستەوخۆ حوکمی جەهادی بۆ دەدات.
بەڕێز ئەردەڵان خەڵکی شاری سنە زیاتر لە ٨٥ ڕۆژە شەقامیان چۆڵ نەکردووە و سنە جارێکی تر مێژووی قارەمانەتیی خۆی تۆمار کردەوە. بەڕێزتان کە لەنێو جەرگەی خەباتی شارن و لە نزیکەوە زیاتر ئاگاداری خۆڕاگریی خەڵکی سنەن، لەسەر ئەم بەرخۆدانەی شاری سنە بۆمان باس بفەرموون!
بۆ ئەم پرسیارە دەمەوێت بەس بە کورت ئاماژەی پێ بکەم و ناچمە سەر وردەکاریی چۆنیەتیی کردەوە و خەبات و تێکۆشانی خەڵک کە چۆن بەپێی ئەو فیلم و هەواڵگەلەی کە بڵاو بووگەنەتەوە، گشتمان لە دۆخی شاری سنە ئاگادارین. شاری سنە بە قەد تەمەنی خۆی لە دەسەڵاتی ئەردەڵان (میرنشینی ئەردەڵان) خاوەنداریەتی لە قەوارە و چواچێوەیەکی کوردی کردگە و دوای نەمانی ئەو دەسەڵاتەش هەر جارە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر و لە قۆناغگەلی جیاوازدا لە پێناو کوردستاندا خاوەنداریەتیی شۆڕشی کردگە یان پشتیوانی بووگە. ئەم جاریشە سنە هەر ڕۆڵ و نەخشی تایبەتی خۆی کە ڕێبەرایەتی و تەوەری تێکۆشانبوونە، ئەوە دەگێڕێت و نابێت لەوە کەمتریشی لێ چاوەڕوان بکرێت. سنە هەمیشە ناوەندی شۆڕش و ڕاپەڕینی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بووگە و هەر بەو جۆریشە دەمێنێت، ئەمە تایبەتمەندیی ئەو شارەسە و ئەو کوردستانیبوونە و کوردستانی کارکردنە لە زەینی تاکی کوردی ئەو شارەدا جێگیر بووگە و بە خۆشحاڵیشەوە زیاتر پەرەی پێ دراوە بۆ گشت ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دیارە هەندێک کار و چالاکیی نوێ و تایبەتیش لە سنە ئەبینین کە نیشان ئەدات کاری بە ڕێکخراو و سیستەماتیک لە شاری سنە بەرچاوترە لە باقی شارەکان و ئەویشە ئەگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکی چەندین ساڵە و تەمەنێکی لە پشت خۆی هەس.
لە کاتێکدا زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێرانیش جاروبار هێوەر دەبنەوە و تا ڕادەیەک ئارام بوونەتەوە، بەڵام خەڵکی شارەکانی سنە، بۆکان، مەهاباد، جوانڕۆ، کامێران و ... لەم ٨٥ ڕۆژەدا بەبێ ڕاوستان لە ڕاپەڕین بەردەوام بوون و کۆڵیان نەداوە. هۆکار، ڕەمز و نێهینیی ئەم بەردەوامبوونە لە چیدایە؟
ڕاستییەکەی لەگەل ئەوە نیم کە زۆربەی شارەکان و تەنانەت ئەو شارگەلە کە ناوتان لێیان هێناوە هەر لە ڕۆژگەلی سەرەتاییی دەربڕینی ناڕەزایتییەکان و خۆپێشاندانەکان و ئەم راپەڕینە بەشدار بووبێتن و لانی کەم لە ١٠ تاکوو ٢٠ ڕۆژی سەرەتاییی خۆپێشاندانێک لە ئەو شارگەلە بوونی نەوگە و یەکجێ و یەکسەر وەكوو سنە نزیک بە ٨٥ ڕۆژ لەسەر یەک و بێبڕانەوە لەسەر شەقام نەبوونە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە بەشداریی خەبات و تێکۆشان لە ڕاپەڕینی ئەم جارە نەوگن. هەر شار و هەر پێگەی جەماوەرییەک تایبەتمەندیی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی هەس و هەر کامەیان ڕۆڵی خۆی ئەگێڕێت و بەداخەوە هەر کامەیان هەر بەپێی ئەو دۆخە تایبەتییە کە پێشتر وتم لە ئاستی خۆی تووشی کارەسات بووگە و شەهیدیشی لەم ڕێگە داگە و لە بەرانبەریشدا حەماسەیان خۆلقاندگە و مێژوویەکیان نووسیگەسەوە کە بێهاوتا بووگە یان ئەتوانین بێژین وێنەی لە مێژووی هیچ نەتەوەیەکدا نادۆزرێتەوە، دەبێت لێرەدا ئاماژەیش بە خاڵێک بکەم کە ئەوەش ناوی شار و نەخشی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتە وەکوو ئیلام و کرماشان و لوڕستان کە نابێت لە بەرچاو نەگیرێت و پەراوێز بخرێت. ئەگەر وا بوو ئەوە نیشانەی ئەوەسە کە ئەو ناوچەگەلە لە وێژمانی ئێمە دیار نین و لە بەرنامەکانماندا نەخشیان ناڕوون و نادیارە و سەلمێنەری بێبەرنامەییی ئێمەس لە بەرانبەر ئێنەگەلە.
وێڕای ئەو بابەتە کە بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکە، بە بۆچوونی من ڕەمز و هۆکاری ئەم بەرداومبوون و کۆڵنەدانە کەڵەکەبوونی فرەیەک داواکاریی کۆمەڵایەتی و نەبوون و زەوتبوونی مافگەلی نەتەوەییی خەڵکی کوردستانە لەلایەن سیستەم و دەسەڵاتی ئێرانی و هەروەها هەندێک ناڕوونیی سیاسی و ئابووری لە شێوەی بەڕێوبەریی وڵات و ناڕوونی ئاکامی ژیانی چینی خوێندکار و پێگەیشتووی زانا و تێگەیشتوو کە ئیتر ناتوانێت باری قورسی ئەم دۆخە لەسەر شانی خۆی هەڵگرێت و دەرەتانێکی نەماوە بۆ پێکهێنانی ژیانێکی شیاو و کەرامەتی نەک هەر تێکشکاوە، بەڵکوو کەرامەتی کەسایەتیی سووتیاگە. بۆیە ئەبینێت و شی دەکاتەوە و لێبڕاوانە و ئاگایانە بڕیار دەدات کە سەنگەری خەبات و شەقام چۆڵ نەکات و تێچووەکەی قەبووڵ دەکات و گشت هەزینەیەکیش چە لە ئاستی ناوخۆ و چە لە ئاستی دەروە بەسەر ڕێژیمدا دەسەپێنێت.
چۆڵنەکردن و مانەوەی خەڵکی کوردستان لە شەقامەکان بە دژی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی لەو ماوەیەدا، چ دەستکەوتی بۆ خەباتی شار و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان بەگشتی هەبووە؟
وەڵڵا خۆ دیارە ئەو مانەوەی خەڵک لەسەر شەقام سەلماندی کە پێداگری و داکۆکی لە مافی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕبوون بنچینەی خەبات و تێکۆشانن، ڕوو لە حیزبەکان ئەوەی دەرخست کە ئەبێت گۆڕانکاریی بەسەر شێوەی کار و تێکۆشانی خۆیاندا بێنن و بەچۆکداهێنانی ڕێژیم لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا بە دەستی بەتاڵ وەکوو دەسکەوتێک چاو لێ بکەن کە وزە و هێزێکی بێکۆتایی و بێبنی لە خۆی ڕاگرتگە و نابێت پارێز بکەن لە بڕیاردانی سەخت و دژوار لەم قۆناغەدا و خۆیان بە دوور بگرن و پەراوێزنشین و تواشاچیی ڕووداوەکان بن. دەسکەوتی ڕاپەرینی ئەم جارە هەر هیچ نەبێت ئەوسە کە سەرباری بە ڕواڵەت زلبوونی دامەزراوە و دەزگاکانی ڕێژیم، بەڵام بێناوەڕۆک و پووچەڵن و خەڵکیش ترسی لێیان نەماگە و ڕێژمیش بە باشی تێگەیشتگە کە کوردستان ئیتر کوردستانی جاران نییە و هەموو سەرمایەی خۆی لە کوردستاندا دۆڕاندگە و کوردستان تازە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی بەر لە ئێستەی، ڕۆژ بە ڕۆژیش دۆخەکەی لێ سەختتر دەبێت و خەریکە تێچووەکانیشی دەدات، هەروەها ئەبینین کە نە ڕەوایی لە ناوخۆی ئێران ماگە و نە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییشدا. بۆیە تا دەرفەت لەکیسمان نەچووگە و شیرازەی کار نەترازیاگە، ئەبێت بەرژەوەندی و قازانجی خۆمان لێ وەربگرین و هەنگاوێکی پتەو هەڵبگرین بەرەو ئامانجە سەرەکییەکانمان، لێرەدا نەخشی ڕێبەریی حیزبەکان گرنگە بەڵام بەداخەوە کاڵە و نەک ئیسە، بەڵکوو ئەمە چەند ساڵە کە زۆر لە خەڵک جێماگن و ئەبێت قەرەبووی بکەنەوە.
لەم هەلومەرجە ئاڵۆزەی کوردستان و ئێراندا ئامانجی سەردانەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ کوردستان و بەتایبەت شاری سنە چی بوو؟ بۆچی شاری سنەی بۆ ئەم سەردانە هەڵبژاردووە؟
دیارە ئامانجی ڕێژیم سەرەتا پڕوپاگەندایە بۆ ئارامنیشاندانی دۆخەکە لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە سنە، دواتریش ڕەنگە پیلانگەلێکی تایبەتیان هەبێت بۆ چۆنیەتیی دادگاییکردن و تاوان خستنە سەر گیراوانی ئەم ڕاپەڕینە. چۆن وەک دەزانن "ئیبراهیم ڕەئیسی" لەوەتەی هاتگە ناو دەسەڵاتی ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە لە بەشی دادوەری و دەسەڵاتی دادوەریی بووگە و لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵەکەی هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، دەستی ڕەها و باڵای بووگە و ڕەنگە پیلانگەلێکی تریش لە ئارادا بێت. بە هەرحاڵ ئەوە دواتر بەپێی کار و کردەوەکانی ڕێژیم ئاشکرا دەبن.
بۆ بەشی دووهەمی پرسیارەکەش؛ وەکوو پێشتر عەرزی بەڕێزتانم کرد، شاری سنە تایبەتمەندیگەلێکی هەس، چەقی چیرۆک و بەڕێوەبەرییە و ڕێبەرایەتییەکە شاری سنەس، بۆیە "ئیبراهیم ڕەئیسی" شاری سنەی هەڵبژاردووە بۆ یەکەم سەفەر، پاش بە ڕواڵەت هێوەربوونەوی بارودۆخەکە. ڕێژیم ناوەندی هەڵبژاردووە بۆ زەربەلێدان و باش تێگەیشتووە کە بە کۆتاییهاوردن بە فەرهەنگی شۆڕشگێڕی لە سنە تا ڕادەیەکی فرە ئەتوانێت کۆتایی بە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێرێت.
هەر وەک ئەزانین داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان جیاوازترە لە ئێران و بەتایبەت لە داخوازیی فارسەکان. پێتان وایە ئەم جیاوازیی داخوازییانە پێش بە یەکگرتووییی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران و کۆدەنگیی خەڵک لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێراندا ناگرێت؟
نە، من وا بیر ناکەمەوە و تەنانەت بەپێچەوانەوە لەسەر ئەو بۆچوونە وێسیاگم کە هەر ناوچە یان نەتەوەیەک لە ئێران داخوازیی خۆی هەس و بگرە دروشم و کار و شعووری سیاسیشیان لەتەک یەک جیاوازە و تێگەشتنیان جیاوازیی فرەس لەسەر پرس و بابەتە جۆراوجۆرەکان، ئەمەش ئاسایییە کە ئاوا بێت. تەنانەت تێگەیشتنی کورد و فارس لە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی، یەک جۆر نییە و بەپێی شێوەی جیاوازی ستەمی ڕەگەزی لەو دوو کۆمەڵگەیەدا سەرباری پیاوسالاربوونیان، هەر کامەیان بە ناخێک و بە ئامانجێک ئەو دروشمە لە شەقام ئێژنەوە و هاواری دەکەن. بەهەرحاڵ ئامانجی ئێمە و ئامانجی ئەوان ڕەنگە هاوتەریب بێت بەڵام فرە لەیەک دوورن. لانی کەم ئەم چل ساڵەی ڕابردوو ئەمەی نیشان داگە. ئەگەر گشت ئەو نەتەوەگەلە هەوڵ دەدەن ئەم ڕێژیمە تێک بشکێنن، بەڵام بە واتای یەک ئامانج و یەک شێوەبوونی کاریان نییە و ئەو جیاوازییە بەربەست نییە بۆ سەرەونخونکردن و ڕووخانی ڕێژیم. بەتایبەت ئەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە ئەو ڕێژیمە بە هەموو شێوەیەک پیلانی داڕشتووە بۆ سڕینەوەی پرسی کورد و داپڵۆساندنی نەتەوەی کورد و پێشێلکردنی مافە سروشتی و ئاسایییەکانی ئەم نەتەوە، باقی نەتەوەکان هیچ پێناسە و تەعریفێکیان لەو پێشێلکاریگەلە سەبارەت بە مافی ڕەوای نەتەوەیی نییە و هیچ دەرک، تێگەیشتن و هەستێکیان بەرانبەر بەوە نییە. ئەگەر کورد بە تاک و بەکۆمەڵ بڕیار لەسەر هەر شیوە بەرگریکردنێک بدات لە خۆی و چارەنووسی، ئەوە مافی ڕەوای بەرگرییە، کردەوە و خەبات و تێکۆشانی گەیشتە هەر ئاستێک ئەوە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆیە و ئاساییە. نەتەوەی کورد وەشیاگنە گیان سیستەم و دەسەڵاتێک کە هاوچەشنی گورگێکی دڕندە لەمێژ ساڵە بەربووەتە گیانیان و بە فتوا و کۆمەڵکوژی و مێتۆد و شێوەی جۆراوجۆر خەریکە لێکیان هەڵدەوەشێنیت و ئاسیمیلەیان دەکات و خاکیانی داگیر کردووە و ئەستاندنی گیان و ماڵیان و زەوتکردنی هەموو مافێکیان بە ڕەوا ئەزانێت، تەنانەت ئەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە ئێستە باقی نەتەوەکانی تر تا ڕادەیەک لەو دۆخەی کورد تێگەیشتوون و ئەزانن بەبێ دەستەبەربوونی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لەو جوگرافیا، ئازادی و ژیانی خۆشیان لە ئاشتیدا مسۆگەر نابێت و دەربازبوون لەم دۆخە مەترسیدارە گونجاو نییە و ناڕەخسێت. بۆیە ئەم ڕۆژانە ئەژنەفین کە ئێژن "تاران ببێتە کوردستان، ئێران ئەبێتە گوڵستان" و ئەو دروشمە خۆی دەرخەری زۆر شتە بۆ ئێمەی کورد.
وەک دەزانن کوردستان مەکۆی سەرهەڵدان ئەم ڕاپەڕینە بووە و ئاگری ئەم شۆڕشە زیاتر لە کوردستانیش کڵپەی دێت. دەتوانین بێژین کوردستان ڕێبەریی شۆڕشێکی مۆدێڕنی ئێران دەکات؟ یان بە واتایەکی تر ڕێبەریی قۆناغێکی نوێ لە شۆڕشی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران دەکات؟
نازانم مەبەستی بەڕێزتان لە شۆڕشی مۆدێڕن چەس. بەڵام ئەتوانم بێژم بەڵێ پێشەنگایەتی و ڕێبەریی ئەم ڕاپەڕینە لە دەفری خۆی و لە ئاستی خۆی کورد خستگییە سەر شانی خۆی و بەتایبەت ئەوە بینراوە کە کاتێک شاری سنە ئەگەیشتە ئاستێکی فرە بەرز و لە لووتکەی نمووداری ڕاپەڕین بوو، تاران و ئیسفەهان و چەند شاری تریش چالاکیی بەرچاوتریان بووگە. هاوکات لەگەڵ ئەمانیشە ئەتوانم بێژم بە هاتنی ئامرازی نوێ و تازە لە دنیای پێوەندی و داتا و بەدیهاتنی بەستێنی جۆراوجۆر و ئینتێرنێت، دیسان ئەوە هەر کوردە کە بە شێوازی ڕاست و دروستی شۆڕشگێڕانە و لە سۆنگەنیگای چالاکی کاریگەر لەو بەستێنگەلە کەڵکی باش وەردەگرێت. بە کورتی ئەمە کوردە کە بۆش نییە لە شۆڕش و شۆڕشگێڕی و مافی خۆشییە کە ڕێبەرایەتیی ئەم ڕاپەڕینە بکات.
چاوەدێران و شرۆڤەکارانی سیاسی، شاری سنە بە ناوەندی ناسیۆنالیزمی کوردی پێناسە دەکەن، ئەم پێناسەیە تاکوو چەندە ڕاستە و هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بە کورتی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان و بونیاتنانی شێوە و چواچێوەیەک لە نیزامی دەسەڵات و شارسازی، هەروەها فەلسەفەیەک لە دەسەڵاتداری دەستی پێ کردووە کە دوای هاتنی ئیسلام لە کوردستان بێوێنە بووە و دەتوانین بێژین لانی کەم ٦٨٠ ساڵ بەگشتی و بەتایبەتی ٤٠٠ ساڵ لە شاری سنە کە پێتەختی ئەو دەسەڵاتە بووگە ڕیشەی هەس و هیچ پێوەندیی بەم ساڵانەی دوایی یان ئەم قۆناغەوە نییە، لە بیر و زەینی دانیشتووانی شاری سنە و دەوروبەری ئەو شارەدا ڕیشەی داکوتاگە و جیل بە جیل و بەرە بە بەرە هاتگە و هەمیشە خۆی نواندگە، چۆن ناسیۆنالیزم خۆ شتێکی نوێ نییە (ئەگەرچی ڕەنگە بە شێوەی زانستی چەمکێکی نوێ و پێناسەیەکی تازەی لێ کرابێت) و بەتایبەت فۆرمێک لە ناسیۆنالیزم لە خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان دەستی پێ کردووە کە بێوێنە و تایبەتییە، لێرەدا جێگە و دەرفەتی ئەوە نییە کە پڕوپۆخت لەسەری قسە بکەین. بەس جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێ بکەین کە ئەو ناسیۆنالیزمە گشت میرنشینەکان کەم تا فرە لەبەر گرتووە و ڕاستییەکەی ئەوەسە کە هەموویان بێجگە لە دوو بنەماڵەیان نەبێت، بە ڕەچەڵەک ئەردەڵانی بوونە و تەنانەت ئەگەڕێنەوە بۆ ئەیوبییەکان و هەزبانییەکان و دەسەڵاتە کوردییەکانی بەر لە ئیسلام. بۆ ئەم وابێژییە ئەتوانین ئاماژە بە نەخشی شێر و شکار بکەین کە هێمای ئاڵا و سپای ئەردەڵانەکان و هەزبانییەکان و دەوڵەتی میدیا و تەنانەت سومێرییەکانیش بووگە، ئەمە بە هەڵکەوت نییە و هزر و فەلەسەفەیەک ها لە پشتی، هەروەها داری بنەماڵەییی گشتییان ئەگەڕێتەوە بۆ زۆراوی گەورە کە باپیرە گەورەی هەڵۆخانی بابی خان ئەحمەد خان بووگە.
وەک دواهەمین پرسیار، ئەم پرسیارەمان لە زۆر کەسی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسیوە و پێمان باشە ڕا و بۆچوونی ئێوەش لەم بارەیەوە وەرگرین. پێتان وایە کە لەم هەلومەرجەی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا داخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەگشتی و بەتایبەت لەم بارودۆخەی هەستیارەدا لە حیزبە کوردستانییەکان چییە؟
بە کورتی کاراترکردنی ڕۆڵی دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵات و لە درێژەی هەمان چاوەڕوانیشدا وەگەڕخستنی پڕۆژەگەلێک کە وەڵامدەری دۆخی هەنووکەیی بێت نە پڕۆژەگەلێک کە کۆڵەکەیان لەسەر بنچینەی ئەگەر و ئیحتماڵاتی نابەجێ دامەرزیاگە و کار و ڕەوتێکی دوور و چەند ساڵە لەبەر ئەگرێت و بەفیڕۆدانی هەزینە و هێزە و تەنانەت پێویستی بە دۆخی کارەساتبار و پڕلە مەترسییە بۆ خەڵک. بۆ وێنە ڕاشکاوانە عەرزتان بکەم کە پڕۆژەی ناوچەی دژە فڕین و داواکردنی بۆ ڕۆژهەڵات یا کاراکردنەوەی بۆ باشوور لە دوو ڕەهەندوە ئەکرێت تاووتوێ بکرێت. سەرەتا بۆ ڕۆژهەڵات، مادام کە بستێک لە خاکمان ئازاد نەوگە یا تووشی کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان نەبووینە یان هیچ کامێک لەو تایبەتمەندیگەلەی دۆخی ئیسەی بۆ ناگونجێت و نە تەنیا ئەگەری لەبارچوونی فرەس، بەڵکوو بگرە نیشاندەری ئەوە بێت بۆ دنیای دەرەوە کە تاکی چالاکی سیاسیی کورد هیچ خوێندنەوەیەکی لەسەر کۆمەڵگەی خۆی نییە و لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ناتێگەیشتوو و بێبەرنامەیە. هەروەها بۆ خەڵکی ناوخۆیش ئەوە ئەگەێنێت کە بێهیوا بن لە چالاکانی سیاسی، لە ڕێبەرایەتیی ئێستەی حیزبەکان و پشتیان بە خۆیان گەرم بێت و چاو لە کار و ئیرادەی خۆیان بکەن. دواییش ئەگەر بۆ کاراکردنەوی مەداری ٣٦ دەرەجەیە لە باشووری کوردستان، دیارە کە چالاکی سیاسیی ئێمە هەر جێگەی خۆی ناناسێت و نازانێت کە هەم لە ئاستی سیاسیی کوردستان دەست لە کاروباری باشوور وەر نەدات، هەم لە ئاستی سیاسیی نێەودەوڵەتیدا خاوەن ئەو جێگە و پێگە یاسایییە نییە کە وەها داواکارییەکی هەبێت. بۆ درێژەپێدان لەسەر ئەم بەشەش ئەبێت شرۆڤەکانی بەشی یەکەم دووپات بکەمەوە و هەندێک خاڵی تریش کە نامەوێت لەسەری بڕۆم و قسەی لێوە ناکەم و ئەیبڕمەوە و ئێرەش جێگەی نییە. داواکاری و هیوای خەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حیزبەکان ئەوەیە کە کار بۆ یەکگرتوویی و یەک وتاریی کورد لە گشت کۆڕ و کۆمەڵێک بکەن و خاوەن دیسکۆرس و وێژمانی کوردستانی بن کە بە داخەوە ئەبێت بێژم وتاریان بەتاڵە لە هەرجۆرە دیسکۆرس و جیهانبینییەکی کوردستانی و بەڕاستی تووشی قەیرانن لەم بوارەدا کە هیوادارین چارەسەری بکەن.
بەڕیز هەڵۆ ئەردەڵان سپاس بۆ ئەوەی کە لەو بارودۆخەی ئێوەی شۆڕشگێرانی ناوخۆی کوردستان و بەتایبەت بەڕێزت کە ئاگادارم زۆر سەرقاڵن، لەم هەڤپەیڤینەدا هاوکارمان بوون. لە کۆتاییدا ئەگەر شتێک ماوە باس بکرێت و ئاماژەمان پێ نەکردووە یان ئەگەر پەیامێکتان هەیە بفەرموون!
سپاسی بێکۆتایی و پێزانین بۆ ئێوە و هاوکارانی بەڕێزتان. دەستی گلایکتان خۆش بێت بۆ پێکهاوردنی دەرفەتێک بۆ ئەم وتووێژە و بەتایبەت بەڕێزتان کە زەحمەتی کاری وتووێژەکە لە ئەستۆتان بوو.
لێرەدا گەرکمە بە کورتی ئاماژە بە دوو خاڵ بدەم کە بە پێویستی دەزانم باسیان لەسەر بکەم.
یەکەم: ئەوەیە کە ئێمەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژاییی لانی کەم ١٢٠ ساڵی ڕابردوو ڕێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێو، پڕ لە کۆسپ و لەمپەرمان بڕیگە و ئیتر ڕێگەیەکمان بۆ گەڕانەوە لە بەرپێدا نەماگە و تێچووی زۆریشمان لە پێناویدا داگە و کارەساتی فرەمان بە چاوی خۆمان دیگە و ئەبێت کە سەر بکەفین، بۆیە داواکاریم لە چالاکانی سیاسی لە ئاستی ڕێبەرایەتیی حیزبەکان ئەوەسە کە کار و چالاکییان لە ئاستی خەڵکی ناوخۆدا بێت و لە ڕێبەریی ئەم ڕاپەرینە دوورەپەرێز نەبن و نەخشی بەرچاوتریان بێت، بیر لە سەختترین بڕیارەکان بکەنەوە و بەرپرسیارانە بڕیار بدەن و ئەرکی ئەم زەحمەتە نەخەنە سەر شانی جیلی داهاتوو و نەکەنە کارێک کە دەرفەت بسووتێت، ئەبێت پەند و دەرس لە پێشینیانمان بگرن کە ئەگەر ئەوان ئەو بڕیارەیان دابا و باری قورسی تێچووەکەیان لە ئەستۆ گرتبا، ڕەنگە ئێستە چارەنووسمان ئەمە نەبا و ئەم جیلە شەهیدی بەم شێوە نەدابا. تێچووی پەشیمانی یان گەڕانەوە یان بڕیارنەدان لە کاتی پێویستی خۆیدا بەرە لەگەڵ بەرە دەڕوات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر دەبێت. ئەگەر ئەوان نەیانکرد و زەحمەتیان خستە سەر شانی ئێمە، دەبا ئێمە قەدری ئەم دەرفەتە بزانین و وەکوو ئەوە کە پێویستە بەرپرسیار بین و چاونەترسانە و لێبڕاوانە بڕیارێک کە تایبەت بە دۆزی گران و ڕۆژانی ئەستەمە بیدەین، هەر هیچ نەبێت ئیرادەی نەتەوەکەمان ببینین و بە دنیای دەرەوەش بسەلمێنین کە ئیرادەی خۆمانە چارەنووسمان دیاری دەکات و پارامێتری سەرەکی بین لەم هاوکێشەیەدا و پلەیەک بەرەو ئامانجە بەرزەکانمان هەنگاو هەڵگرین و لێی نزیک بینەوە، تەنانەت ئەگەر پێویستە مێتۆد و شێوەی تێکۆشانمان ڕوو لە باشتربوون بگۆڕین و ڕووداو و پێشهات و ئەگەر و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان وەک خۆی ببینین. دڵنیا بن کات تەنگە و دەرفەت کەم و گۆڕان لە ئاستی دنیادا زۆر و خێران و زۆربەشی لە ئێستە و لە داهاتوودا بە دڵی کورد نییە و نابێت.
دووهەم: دەورە و قۆناغی ڕەواییوەرگرتن لە شۆڕشگێڕبوونی پێشوو و پێشەنگایەتی لە ڕەوتی خەبات یان ڕێبەرانی شەهید کە یان دامەزرێنەر بوونە یان لە قۆناغێکی تایبەتدا هەندێک دەسکەوتیان بووە و ئێستە خۆیان نەماون یان شۆڕشگێڕبوونی ڕێبەرایەتیی ئێستەی حیزبەکان لە کاتی هەنووکە و لە ڕابردووشدا کارایی و کاریگەرییان نەماوە و ئەو ئەدەبیاتە چی تر بایەخی پێ نادرێت لەناو کۆمەڵگە و لەم سەردەمەدا ئەو ڕەوایییە باوی نەماوە و وەڵامدەری بارودۆخی ئێستە و داهاتوو نییە و نابێت. ئەوەی کە فەرمییەت و ڕەوایی بە لایەن و حیزب و پارتێک دەدات بەرنامە، پڕۆژە، پەروەردە، کار و تێکۆشانی هەنووکەیییە لەو بوارانەدا و تەنانەت بەرنامەیەک کە ٥ یان ٦ ساڵی ڕابردوودا پێشکەش کراوە، سەرەڕای وەڵامدەربوونی بۆ ئەو کاتە یان نە، ئەوەش کاریگەری نییە. ئێستە کە بە هەزاران خوێندکارمان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەر یەکەیان لە رشتەیەکی تایبەت و بەش بە حاڵی خۆی لە بوارێکدا چالاکن و جگە لە بەرنامەی تۆکمە و بەربڵاو نەبێت بۆ ڕزگاری و بۆ دواڕۆژی ڕزگاری کە شێوەی بەڕێوبەریی وڵات و سیستەمە، هیچی دیکە چاوی لێ ناکرێت و ئاوڕیشی لێ نادرێتەوە. با بزانین کە ڕۆژهەڵات تاقانەی ناو هەر چوار بەشەکەی کوردستانە و قەدری خۆی ئەزانێت، بەم ئەدەبیاتە دەستەمۆ نابێت، مل داناکێشێت، کۆڵ نادا و ئەمەش لەم ڕاپەڕینەدا بەتەواوەتی بۆ هەموو لایەنەکان لە دۆست و دوژمن سەلمێنراوە.
شتێکی ئەوتۆ نەماوە و هیوای سەرکەوتن و سەرفەرازیتان بۆ دەخوازم.