کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ساڵێکدا ٥٨٦ کرێکار لە ڕووداوەکانی کار لە ئێران گیانیان لەدەست داوە

15:55 - 8 بانەمەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی "سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی کاردا "(World Day for Safety and Health at Work) ، لە نێوان ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤ تا ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٥، زیاتر لە ٥ هەزار کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوونە.

هەواڵدەریی "هێرانا"، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند لانیکەم ٥٨٦ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار و بەهۆی نەبوونی سەلامەتیی ژینگەی کار گیانیان لەدەست داوە و ٤ هەزار و ٤٢٤ کرێکاریش بریندار بوون.

ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی کە لە میدیاکان و سەرچاوە کرێکارییەکان کۆ کراونەتەوە، نیشانی دەدات کە زۆرترین ژمارەی ڕووداوەکان پەیوەندیدار بووە بە کەرتی بیناسازی (٢٠.٢٨ لەسەد)، کەوتنەخوارەوە لە بەرزی (١٥.٩١ لەسەد) و بەسەرداکەوتنی شتی قورس (١٥.٢١ لەسەد) و ڕووداوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە، ڕووداوەکانی ناو کانزاکان، کارەباگرتوویی و تەقینەوە.

ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەسەر بەردەوامیی لاوازیی سەلامەتیی ژینگەکانی کار و زیادبوونی مەترسی بۆ سەر کرێکاران لە ئێران دەکاتەوە.