دەیڤید بارنیع، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان توانیویانە بگەنە "ناوەڕۆکی نهێنییەکانی دوژمن" لە نێو دڵی ئێران و لوبناندا.
ڕۆژی سێشەممە ٨ی بانەمەڕ، دەیڤید بارنیع لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ئەرکە سەرکەوتووەکانی ساڵی ٢٠٢٥ی مووساد، باسی لەوە کرد کە ئەم دەزگایە زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی "داهێنەرانە و بێوێنە"ی ئەنجام داوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی شەڕدا، مووساد شانبەشانی ئەرتەش ڕۆڵێکی هێرشبەرانەتر و کاریگەری بینیوە و زانیاریی ستراتێژیی گرنگی لە قووڵایی پێکهاتەکانی لایەنی بەرامبەر بەدەست هێناوە.
سەرۆکی مووساد ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەنجامدانی هێرش لە "دڵی تاران" و لەنێوبردنی فەرماندە باڵاکان. هەروەها وتیشی ئەم هەنگاوانە بوونە هۆی بەهێزکردنی باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل و پاراستنی بەرەی نێوخۆیی لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا.
ناوبراو لە کۆتاییدا هۆشداری دا و وتی: "هەر کاتێک مەترسییەک هەستی پێ بکرێت، بە هەموو توانامانەوە و لە هەر شوێنێک بێت وڵامی دەدەینەوە."