دامەزراوەی "نێتبلاکس" ڕایگەیاند کە بەهۆی بڕیاری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە، ئینتێرنێتی جیهانی لە ئێران بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژە بەردەوام پچڕاوە.
نێتبلاکس کە چاودێریی دۆخی ئینتێرنێت لە جیهاندا دەکات، ڕۆژی سێشەممە ٨ی بانەمەڕ لە ماڵپەڕی فەرمی و هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوی کردەوە، کە ئێران ڕێک دوو مانگ لەمەوبەر بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیم چووەتە ناو قۆناغی "خامۆشیی دیجیتاڵی"یەوە.
ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە لە پەیامەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە: "پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران گەیشتووەتە ٦٠ـەمین ڕۆژ و سنووری هەزار و ٤١٦ کاتژمێر کواژنەوەی تێپەڕاندووە."
ئەم دۆخە بووەتە هۆی دابڕانی تەواوەتیی هاووڵاتییان لە جیهانی دەرەوە و پەککەوتنی زۆرێک لەو کار و پیشانەی کە پشت بە تۆڕی ئینتێرنێت دەبەستن.
نێتبلاکس هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی خەریکی دروستکردنی سیستێمێکی تایبەتە بۆ "دەستپێراگەیشتنی پۆلێنبەندی کراو" بە ئینتێرنێت؛ بە شێوەیەک کە تەنیا گرووپ و تاقمە دیاریکراوەکانی سەر بە دەسەڵات بتوانن سوود لە ئینتێرنێت وەربگرن و هاووڵاتییانی ئاسایی لێی بێبەش بن.