دەزگای ئەمنییەتی نێوخۆی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە گرووپە توندڕەوە لایەنگرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا، خەریکی پەرەپێدانی هێرشە تێرۆریستییەکانیان بۆ ئاستێکی مەترسیدارن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "هەندڵزبڵات"، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئاڵمان بەتایبەت هۆشدارییان لە چالاکییەکانی گرووپێکی توندڕەوی شیعە بە ناوی "حرکت اصحاب الیمین الاسلامیە" داوە.
ئەم گرووپە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، ڕایگەیاندووە کە چیتر تەنیا بە هێرشی سادە نەوەستێت و لەمەودوا ئامرازی مەترسیدارتر بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا بەکار دەهێنێت.
ناوەندە ئەمنییەکان دەڵێن ئەم گرووپە تێرۆریستییە خەریکی گۆڕینی ستراتێژی خۆیەتی؛ بە شێوەیەک کە لە سووتاندن و ئاگرکەوتنەوەی ساکارەوە، بەرەو بەکارهێنانی تەقەمەنی و چەکی گەرم هەنگاو دەنێت. ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی قۆناغێکی نوێی توندوتیژیی گرووپەکانی سەر بە ئێرانە لەنێو ئورووپادا.
لە دوای ٩ی مارسەوە، چەندین هێرش بۆ سەر ناوەندە جوولەکە و ئەمریکییەکان لە ئورووپا، بەتایبەت لە ئاڵمان، بریتانیا و وڵاتانی بێلژیک، هۆڵەند و لوکزامبۆرگ تۆمار کراون.
گرووپی "اصحاب الیمین" لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆوە بەرپرسیاریەتیی ئەم هێرشانەی گرتووەتە ئەستۆ، کە زۆربەیان لە کاتەکانی درەنگانی شەو و بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەت و سەقامگیریی وڵاتانی ئورووپایی ئەنجام دراون.