بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵیی"شێرکۆ تابناک"، تەمەن ٣٨ ساڵە لە شاری بۆکان و دەسبەسەریان کردووە.
شێرکۆ تابناک پێشتریش چەندین جار بەهۆی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
ناوبراو پێشتر لانیکەم دوو جار لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکانی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری گیران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی لە ئەگەری ئەشکەنجەدان یان ناچارکردنی بە دانپێدانانی زۆرەملێ.