کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان بەزێنەکانی ئێمە (رۆستەم ئەرکیا)

00:13 - 2 بەفرانبار 2722

ئا: دیاکۆ دانا

 

جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان لە پێناو ڕزگارییدا تێچووی زۆری داوە و لەو تێچوودانەش بەردەوامە. لەو سۆنگەیەوە زۆر ڕۆڵەی نیشتمانپەروەر کورد لە ئازادی بێ‌بەش کراون و لە پێناو ئازادییدا سووچی بەندیخانەیان کردۆتە مەتەرێزی خەبات و خۆڕاگری.

زیندانییانی سیاسیی کورد لە ئێران لە دوو سەردەمی جیاجیادا بەندیخانەیان کردۆتە سەنگەرێک بۆ ئازادی و مافخوازیی گەلەکەیان. ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، ژنان و پیاوانی خۆڕاگر و فیداکاری خۆنەویست هەردەم نموونەی ئازایەتی و بەربەرەکانی بوون لەدژی دوژمنانی گەلەکەمان. سەربەرزانە چوونە سەر دار بەڵام سەریان بۆ دوژمن نەوی نەکردوە و ئازایانە لە نێوان سەردانان و سەردانواندا سێدارەیان هەڵبژاردوە. پێشەوا قازی محەممەد و یارانی و زۆر ڕۆڵەی بە ئەمەگی دیکەی حیزبەکەمان نموونەی ئەو ئازایەتی و لەخۆ بوردووییەن. ئەم کاروانە دوور و درێژە و لە ستوونی زیندان‌بەزێنەکانی ئەمجارەدا باس لەو "رۆستەم ئەرکیا" و "کەیوان ڕەشوزادە" دوو کەس لەوان دەکەین.

ڕۆستەم ئەرکیا

ڕۆستەم ئەرکیا زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری ماکۆ ڕۆژی ١١ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٥ ی هەتاوی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری تاران دەستبەسەر کرا. رۆستەم دوای دەسبەسەرکرانی و ماوەیەک لێپێچینەوە بۆ گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی شاری ورمێ گواسترایەوە و پاش ٣ مانگ ئازار و ئەشکەنجە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی کرا. ئەو پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی لە گرتنگەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی شاری ماکۆ بەڕێ کرا. رۆستەم دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی خۆی بە بڕیاری "قازی نەورۆزی" تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیان و ئازادی کوردستان (پژاک)ی بەسەر دا سەپا و لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدامی پێ درا.

پاش ئەوەی ڕۆستەم ئەرکیا ناڕەزایەتیی خۆی بەو بڕیارە دەربڕی، پەروەندەکەی  بەڕێی دیوانی بەرزی وڵات کرا و لەوێ گۆڕانکاری بە سەر سزاکەیدا هات. دیوانی بەرزی وڵات پەروەندەی ناوبراو گەڕاندەوە بۆ پارێزگای ورمێ و ڕۆستەم لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد مەحکووم کرا. بەڵام دوای ئەوەی نوێنەری دادستانی ورمێ ناڕەزایەتیی بەو حوکمە دەربڕی و سزای ١٠ ساڵ زیندان بۆ رۆستەمی بە کەم زانی، پەروەندەی جارێکی دیکەش خرایەوە بەر دەستی قازی و بڕیاری نوێی لەسەر درا. بەمجۆرە لە ڕۆژی ٢٧ ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٨٨دا، لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر رۆستەم‌دا سەپاند. رۆستەم ئەرکیا پاش یەکلابوونەوەی حوکمەکەی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد دوور خرایەوە.

رۆستەم ئەرکیا لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکران و دادگایی‌کردنیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە. ئەو ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠ بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی ئەسڵی "جیاکردنەوەی تاوانەکان"، وێڕای چەند زیندانییەکی سیاسیی دیکە مانیان لە خواردن گرت. پاش شەش ڕۆژ بەردەوامییان لە مانگرتن و دوای پێدانی بەڵێن لەلایەن بەرپرسانی زیندان بۆ جیاکردنەوەی زیندانیانی سیاسی و گواستنەوەیان لە بەندی تاوانە ئاساییەکان ڕا بۆ بەندی سیاسی کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. رۆستەم خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٩ تووشی پەتای کۆڕۆنا بوو و بەهۆی پێرانەگەیشتی پزیشکی کەوتە دۆخێکی ناجێگرەوە و پاش هەوڵ و کۆششی زۆری بنەماڵەکەی دواجار پاش ١٥ ساڵ مانەوە لە زیندانی ناوەندی یەزد لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٠دا بەمەرج لە زیندان ئازاد کرا.

کەیوان ڕەشوزادە  

کەیوان ڕەشوزادە زیندانیی سیاسی کوردی خەڵکی شاری ورمێ ڕۆژی ١٦ ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨، لەگە چەند کەسی دی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا. کەیوان دوای مانگێک لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگەکانی شاری ورمێدا، بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ گواسترایەوە. کەیوان پاش ساڵێک ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندانی ناوەندی ورمێ، مانگی سەرەماوەزی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی شێخلوو بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی بەهۆی ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. پاشان حوکمی زیندانی کەیوان لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگادا بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

کەیوان لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە لە زیندان‌دایە چەند جار لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە. بۆ یەکەم جار سەرەماوەزی ساڵی ١٣٩٩ لەگەڵ چەند زیندانیی دیکە بە ناوەکانی ئومید سەعیدی، کامڕان قاسمی بۆ ناڕەزایەتی‌دربڕین لەمەڕ ناڕوونیی چارەنووسیان بۆ ماوەی حەوتوویەک مانیان لە خواردن گرتبوو. بۆ جاری دوویەم لە ڕێکەوتی ٢٣ ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٩ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ پێنەدانی مەرەخەسی لەلایەن بەرپرسانی زیندان، مانی لە خواردن گرت و پاش چەند ڕۆژ لە سللولی تاکەکەسی زیندانی ناوەندی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

کەیوان ڕەشۆزادە تا ئێستا ماوەی ٣ ساڵ لە سزاکەی لە زینداندا کێشاوە.
 

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.