کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەری ئاو و خاک (شەهید ئەبووبەکر فەیازی)

00:23 - 2 بەفرانبار 2722

برایم چووکەڵی

شاعیرێکی کورد لە وەسفی پێشمەرگەدا دەڵێ: "چارەنووسی تۆیە، دژوارترین هەڵبژاردن. بە خوێنت خاک بپارێزی و بە بوونت، ئاو." ئەمە چیرۆک و بەسەرهاتی چیاییەکانی نیشتمانە .

یەکێک لە گوندە خۆڕاگرەکانی ناوچەی هەوشار کە خاوەنی ٢٤ شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه‌، گوندی "گوێ‌ئاغاج"ە. گوێ‌ئاغاج یه‌کێک لەو گوندە شۆڕشگێڕانە بووە کە هەمیشە لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان ئازایانە وەستاوەتە و بە دانی خوێنی ڕۆڵەکانی سەری بەرزی بەرزتر ڕاگرتووە. لەنێو ٢٤ شەهیدی گوێ‌ئا‌غاجدا چەندین فەرماندەی قارەمان دەبینرێن، کە لە "هه‌گبه‌ی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەماندا باس لە ژیان و بەسەرهاتی سەربەرزانەی یەک لەو فەرماندە بوێر و شۆرشگێڕانەی خەڵكی گوێ‌ئاغاج له‌ مه‌ڵبه‌ندی هه‌وشاری قاره‌مان دەکەین؛ شۆڕەسوارێک‌ که‌ ته‌مه‌نی لاوەتیی خۆی به‌ختی ئازادی‌ و سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌که‌ی کرد و به‌ سه‌ربه‌رزی ژیا و به ‌سه‌ربه‌رزی سه‌ری نایه‌وه.

شه‌هید ئەبووبەکر فەیازی له‌ هیزی شه‌هیدانی هه‌وشار ئەستێرەیەکی پڕشنگداری ئاسمانی خەباتی گەلی کوردە. ئەو ساڵی ١٣٤١ی هه‌تاوی له‌ گوندی "گۆی‌ئاغاج" ‌لەدایک بوو و بە لەدایکبوونی شادی و دڵخۆشیی خسته‌ نێو ژیانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک که‌ هه‌ژاری و نه‌داری سێبه‌ری ڕەشی به ‌سه‌ریاندا کیشابوو.

ئەبووبەکر هه‌روه‌ک هه‌موو منداڵانی کوردستان به‌ هه‌ژاری و نه‌داری گه‌وره‌ بوو. به‌ڵام  فرچکی بە هه‌ست و سۆزی نیشتمانپەروەری و گه‌لویستی گرت. هێشتا دووهه‌می سه‌ره‌تایی بوو کە له ‌مامۆستاکه‌ی پرسی "گۆی‌ئاغاج" یانی چی و کاتێک بۆی ده‌رکه‌وت گوێ‌ئاغاج وشه‌یه‌کی کوردی نییه،‌ به‌ڵام ناوی گونده‌که‌یانه؛ هەستێکی ناخۆش دایگرت.‌ ئەو پرسیارە بۆ ئەبووبەکر بوو بە داڵغەیەکی دەروونی. ئەگه‌رچی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ زاری منداڵێکی ٨ ساڵه‌ دەهاته‌ ده‌ر، به‌ڵام پێشانده‌ری هەستێک بوو که‌ له‌ دڵ و ده‌روونیدا بڵێسه‌ی ده‌دا. هه‌ستێک بوو که‌ له‌ گه‌لی گه‌وره‌ دەبوو و ده‌بووژایه‌وه.‌

شه‌هید ئەبووبەکر فەیازی هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستا. چاولەده‌ستی کەس نه‌بوو، و کاری ده‌کرد. ڕه‌نجی ده‌کێشا بۆوەی کەمێک لە قورسایی دابینکردنی ژیان لەسه‌ر شانی باوکی سووک بکا. ئەو دەیزانی کە نەتەوەکەی بەشخوراو و ماف پێشێلکراو و پەراوێزخراوە لە ئێراندا. بۆیە کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و پاش ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی هێنایە سەر کوردستان؛ تاوی دا چەکی بەرگری لە خاک و نیشتمان و‌ لە سەنگەری پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا جێی گرت.

ئەبووبەکر فەیازی زۆر زوو نیشانی ‌دا که‌ ڕۆڵه‌یه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی گه‌له‌ و ئیمانی قووڵی به‌ ڕێباز و ئامانجی هه‌یه ‌و ئاماده‌یە له‌ پێناو ڕزگاری گه‌له‌که‌یدا خۆی فیدا بکا. ئەو له‌ کاتی هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر دژمندا شێری مه‌یدانی نه‌به‌رد بوو. زۆر ئازایانه‌ هه‌ڵی ده‌کوتایه‌ سه‌ر دوژمن و له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانی ناوچه‌ی هەوشاردا به‌شداریی کرد. سەنگەرێک ئەبووبەکری لێ ‌با دوژمن نه‌یده‌توانی خۆی لە بەرانبەردا ڕاگرێ و له‌به‌ر زه‌ربه‌ی ئه‌و نه‌ده‌وه‌ستا، هەر لەو سۆنگەیەش بوو کە قاره‌مانه‌تی و فیداکاریی ڕۆڵه‌کانی هێزی شه‌هیدانی هه‌وشار به‌ تایبه‌تی شه‌هید ئەبووبەکر فیازی وێردی زمانی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان بوو.

شەهید ئەبووبەکر له‌ مه‌ئموورییه‌تی جاده‌ی سەردەشت- پیرانشار بەشداریی چالاکانەی کرد. له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی هه‌وشار له‌ڕیگای پیرانشار-سه‌رده‌شت بۆ هه‌وشار کارزانی و لێهاتوویی و کارامه‌یی ئەبووبەکر بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ به‌ فه‌رمانده‌ری لک هه‌ڵبژێردرێ، ئەو لکەی ئەبووبەکر فەرماندەیی دەکرد، ناوچه‌ی هه‌وشاری بۆ دوژمن وه‌له‌رزه‌ خستبوو. کاتێک پێشمه‌رگه‌کان له‌ زستانی ١٣٦٠ له‌ مەئموورییه‌تی قزقاپان چەندین سەعات له‌ کوێستانه‌ سه‌ر به‌رزه‌کانی ماین‌بلاغ ‌مانه‌وه‌ و که‌وتبوونه‌ گه‌مارۆی دوژمن، لێزانی ‌و فه‌رمانده‌ریی شه‌هید ئەبووبەکری فیازی بوو کە پێشمه‌رگه‌کانی له‌ سه‌رمای سه‌ختی ماین‌بلاغ و گه‌مارۆی دوژمن ڕزگار کرد. ئەبووبەکر له‌ دژوارترین قۆناغی خه‌باتدا پێشمەرگانە و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگەکان‌ ژیا. سەرکەوتوویی ئەو لە فه‌رماندەیی  کردنی لکەکەیدا ناوبانگی ئەو لکەی گەیاندە ناوچەکانی سەقز و بۆکان و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

 شەهید ئەبووبەکر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و چاونه‌ترس و زه‌بروه‌شێن بوو، بڕوایه‌کی قوڵیشی به‌ کاری ته‌شکیلاتی هەبوو، لەخۆبوردوویی، بڕوابەخۆبوون و پێداگریی زۆر لەسەر بەڕێوەبردنی ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی حیزب و هەروەها ڕێز و خۆشەویستی لەنێو خەڵکدا، دڵسۆزی ‌‌و فیداكاری‌، هاوکاریی هاوسەنگەرانی، ڕیزگرتنی خەڵك لە ئاکارە پەسەندەکانی شەهید ئەبووبەکر فەیازی بوون و هه‌ست به‌ بەرپرسایەتی ‌و تێكۆشان بۆ فێربوون‌ و هه‌وڵدان بۆ خه‌بات دژی‌ ڕێژیمی‌ کۆماری ئیسلامی لە تایبه‌تمه‌ندییە‌ هه‌ره‌ به‌رچاوەکانی ‌ئەبووبەکر بوون.

شه‌هید ئەبووبەکری نه‌مر له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ١١ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٦١دا له‌ ڕێگای سایین‌قەڵا به‌ تۆڵه‌ی خوێنی دوو شه‌هید که‌مینی بۆ هێزەکانی ڕێژیم نابۆوه‌. هێزێکی ڕێژیم کەوتنە بۆسەکە و زەبرێکی کاریگەریان لێ درا، بەڵام لەو عەمەلیاتە‌دا بەداخەوە به‌ گولله‌ی دوژمن دڵی پڕ له‌ هیواکەی ئەبووبەکری فەرماندە له‌ لێدان که‌وت.

"به‌یان" هاواری لێ به‌رز بۆوه‌. بانگی لە "سوورسات" کرد کە وا پارتیزانی گه‌ل‌پارێزه‌ری شه‌ڕه‌ف به‌ گولله‌ی دوژمنانمان ته‌رمی که‌وتۆته‌ سه‌ر خاکی نیشتمان. نرکە لە دڵی سوور‌سات هەستا، هه‌ورێکی ڕه‌ش ئاسمانی ناوچه‌ی هه‌وشاری داگرت، شینی شەهیدێکی نیشتمانە وا بەڕێوەیە...

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.