پژمان شەریعەتی
لە جوغرافیای ئێراندا بە تایبەتی لە کاتی پێکهاتنی دەوڵەتی مودێرندا، سیاسەت و بەڕیوەبەریی سیاسی لاوازترین بەش بووە و مێژووی ئەم جوغرافیایە لە بواری سیاسییەوە پڕە لە سڕینەوە، حاشاکردن، درۆ و چەواشە، ناسەقامگیری، سەرەڕۆیی، دیکتاتوری و بەراوەژووکردنەوە و... .
ژێئوپۆلۆتیکی ئێران چەندین تایبەتمەندیی هەیە و لە پێش هەموواندا جوغرافیای ئەم وڵاتە کە هێشتایش جێگای گەنگەشەیە؛ هەروەها سنووری سیاسیی ئیران بە سیستم و عەقڵییەتێکی کۆلۆنیالیستی دیاری کراوە و داخوازی و ماف لەم وڵاتەدا قەد لەبەرچاو نەگیردراوە.
ڕاستە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە هۆی شەڕ، داگیرکاری و قەیران سنووری سیاسیی خۆیانیان دیاری کردووە و بەشێکی کەم لە وڵاتان بە ڕێفراندوم و مافی دیاریکردنی چارەنووس خاوەنێتیی سیاسی خۆیان وەدەست هێناوە، بەڵام ڕەوتی مودێرنیتە و گەشەی سیاسی و ئەندێشەی مرۆڤایەتی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهانی بەرەو دێمۆکراسی بردووە.
جیا لە ئامریکا هیچ وڵاتێک لە سەرەتادا بە دێموکراسی دانەمەزراوە و خەڵک و دەسەڵاتداران بە پێی پێوەرە مرۆڤانەکان و لەبەرچاوگرتنی داخوازییەکان کە ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەی سەندووە، فورمی دێموکراتیکیان بە خۆیانەوە گرتووە. هەرچەند ئەم تێپەڕینە بەرەو دێموکراسی لە وڵاتان جیاوازە و هەوراز و نشێوی زۆر و تێچووی جیاوازی بۆ هەر کام لە وڵاتانە بووە؛ بەڵام لە ئاکامدا دەبینین دێموکراتیزەبوون بووەتە هۆی گەشەی وڵاتان.
کاتێک مێژووی لانی کەم دوو سەدەی ڕابردوو لە ئێران لە بەرچاو دەگرین، دەبینین کە دێموکراسی و تێپەڕین بە ئاراستەی دێموکراتیکبوون قەد ڕووی نەداوە و تەنیا لە ڕووی ئابووری و پێشە و هاوردەکردنی هەندێک بەرهەم و تێکنۆلۆژی، وەکوو سینەما، ڕێگەوبان، شەمەندەفەر، چاپ و ... ئەویش بە لاوازی گەشەی سەندووە و لە هیچ بڕگەیەکیدا گەشەی سیاسیی بە خۆیەوە نەبینیوە. لێرەدا مەبەست لە گەشەی سیاسی بە واتا ڕاستەقینەکەیەتی، واتە شۆڕشی مەشرووتە و پێکهێنانی یاسای بنەڕەتیی وڵات و پارلمان بەخۆیەوە ناگرێت، چوونکە ئەو کردەوانەش نەک دێموکراسی لێ نەکەوتۆتەوە، بگرە یارمەتیدەری دیکتاتۆرییش بووە.
سەرەکیترین گرفت و لەمپەڕ لە بەرامبەر دێموکراتیزەبوون لە دروستبوونی وڵاتێک وەکوو ئێران کە تەمەنی کەمە و مێژووەکەی بۆ کەمتر لە دوو سەدە دەگەڕێتەوە، هەتا حاشاکردن لە فرەنەتەوە بوونی ئەم جوغرافیایە بەردەوام بێت و عەقڵییەتی ئێرانشاری و یک وڵات و یەک نەوتەوە بوونی بمێنیت، ئێران ڕەنگی دێموکراسی بەخۆیەوە نابینێت.
لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاست گشتیی ئێرانە کە داخوازتەوەر بێت و گۆشار بخاتە سەر دەسەڵات، بەڵکوو هەتا ئیستایشی لەگەڵ بێت بەشێک لە خەڵکی ئێران بەتایبەتی لە ناوەند دەسەڵات وەکوو سیستم نابینین، بەڵکوو لە ڕووی ئیدئۆلۆژیکیەوە بە بەشێک لە خۆیانی دەزانن، جا ئەمە بۆ پاشا بێت، یان بۆ نوێنەری خوا لەسەر زەوی. واتە هێشتا لە ئێران سیستم بە واتای ڕاستەقینە بوونی نییە و زنجیرەی دەسەڵاتی پاشایەتی و خیلافەت بەڕێوەبەری کاروباری وڵاتن و لادان لەو ڕێگانە بە واتای نەمان و هەڵوەشان لێک دەدرێتەوە. پاشا و خەلیفە خاونی هەموو شتێکن و کۆمەڵگەی مەدنی وەکوو ڕەعیەت و شوێنکەوتووی خۆیان پێناسە دەکەن، واتە پەیڕەوانی خەتی ئیمام و سەڵتەنەتتەڵەب لە ئێراندا هیچ جیاوازییەک لەنێوان عەقڵییەتیان نییە و لە هەردوو بەرەکەدا تەنیا چاویان لە دەربار و بەیتی ڕەهبەرییە.
لە لایەکی دیکەشەوە کەشوهەوا. سەرچاوە سروشتی، کانزای ژیرزەوینی و ڕووزەوینی لە ئێراندا وەکوو کارتێکی مان و نەمانە، چ لە ڕووی ئابووری خەلیفە و پاشا خۆیان بە خاونی دەزانن و چ لە ڕووی پێداویستییەکانی ژیانەوە سەرچاەوەی داهاتن بۆ دەسەڵات نەک خەڵک و، هەتا سەروەت و سامان لەم وڵاتەدا خاونەکەی خەڵک نەبێت، دێموکراسی جێگیر نابێت.
ئیستا لەم سەردەمەدا کە دەبینین لە بواری هزرییەوە بەتایبەتی لە نەوەی نوێی ئێراندا ئاڵوگۆڕێک پێکهاتووە و بەتایبەتی تر لە دوای شوڕشی ژینا، کە کورد بیر و ئاوەزی دێموکراتێکی خۆی بە هەموو ئێران دیکتە دەکات، هەموو ئەو لەمپەڕانە بە ڕوونی خۆیان پێشان دەدەن و کاتێک لاوێکی کورد باس لە دێموکراسی و دیاریکردنی چارەنووس دەکات و ڕێکاری چارەسەری و گەیشتن بە ئازادیی بەشداریی هەمەلایەنە (نەتەوەکانی نێو جوغرافیای ئێران) لە بەڕێوەبەریی وڵات دەزانێت، لاوێکی فارس سەرەڕای ئەوەیکە ئیستا خۆی بەشێک لەم ڕاپەڕین و شۆڕشەیە، بەڵام ناتوانێت خۆی یەکلا بکاتەوە کە ئاخۆ تاکێکی سەربەخۆیە و وەکوو مرۆڤێک داخوازیی خۆی هەیە، یان نوێنەری ئیدئۆلۆژی و عەقڵیەتێکی فاشیستی؟
هیشتا دەسەڵات لە سۆنگەی ئەو تەواوەتیی خاک و سنوور و مێژووی لێڵ و پڕ چەواشەکارییە ناتوانێت قەبووڵی بکات ئەم وڵاتە وەکوو جوغرافیایەکی فرەڕەنگ بیبینێ. لاوێکی کوردیش وەکوو سنوورێکی سیاسی دەیبینێت و دەیهەوێ بە ئیرادە و بەشداریی گشتی دێمۆکراتیزەی بکات و بە ڕوونی و بە کورتی دوو ڕێگە چارەی سەرەکی بوونی هەیە: یان ئێرانێک کە بە هەموومان بنیاتی دەنێین و بەڕێوەی دەبەین؛ یان هەرکام لە نەتەوەکان ناچار دەبن بەجیا چارەنووسی خۆی دیاری بکەن.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.