ئاسۆ مینبەری
سێ مانگ بە سەر ڕاپەڕینی ژینا، ئاخێزی خەڵکانی ئێران و کوردستاندا تێپەڕی. بێگومان شۆڕشی ژینا تاکوو ئێستا دەسکەوتی باشی هەبووە و ڕەنگە گرینگترین دەسکەوتی سازدانی هاوپێوەندی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی پێکهێنەری جوغرافیایەک بێت کە پێی دەگوترێت ئێران، یان ئەو هەستی هاوسۆزی و هاوخەمی و هاوخەباتییەی کە ئێستا هەیە و یەکگرتووییەکی تا ڕادەیەک باشی بۆ خەبات دژبە تاریکپەرەستانی جەماران پێک هێناوە؛ بەڵام یەکێک لە دەسکەوتە گرینگەکانی دیکەی شۆڕشی ژینا کە لە ماوەی ڕابردوودا شەپۆلێک لە خۆشحاڵی و ڕەزامەندیی خەڵکی بەدوای خۆیدا هێنا، دەرکرانی ڕێژیمی ئێران بوو لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەگەر وردتر لە بابەتەکە بڕوانین دەبێ لە خۆمان بپرسین بۆچی دەبێ دەسەڵاتێکی وەکوو کۆماری ئیسلامی بەو کارنامە پڕ لە شوورەییەی خۆیەوە کە بەنیسبەت دۆخی ژنان تۆماری کردووە، لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژندا جێگای پێ بدرێت؟ یان چۆن و بەپێی چ پێوەرگەلێک ڕێژیمێکی ژنکوژی وەکوو ئەم ڕێژیمە دەتوانێ ئەندامی کۆمیسیۆنێکی لەم چەشنە بێت؟ کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەکیترین ڕێکخراوی نێونەتەوەیی جیهانی بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن دژ بە ژنانە و ٤٥ ئەندامی هەیە کە بە دەنگی ئەندامانی شورای ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
ڕێژیمی ئێران تەنیا ساڵێک لە ئەندامەتیی خۆی تێپەڕ کردبوو کە بە زۆربەی زۆری دەنگەکانی ئەندام لەم کۆمیسیۆنە دەر کرا و هەر لە جێدا ئەمە یەکەمین جاریشە کە وڵاتێک لەم کۆمیسیۆنە دەربکرێت.
ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئێران و کوردستان و ئەو توندوتیژی و هەڵاواردنە ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێژیمی ئێران لە پێش چاوی هەموو دنیاوە بەنیسبەت ژنان دەینوێنێ هۆکاری سەرەکیی دەرکردنی ئەم بڕیارە بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خودی ئەم دەرکردنە ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک بوو کە نەدەبوو پێشتر کرابا، ئەویش دیاریکردنی ڕێژیمێکی دڕندەی ژنکوژی وەکوو ئێران بە ئەندام لەم کۆمیسیۆنە بوو! ئەویش لە کاتێکدا کە خودی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باقی ناوەندە گرینگەکانی جیهانیش کە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژناندا چالاکی دەکەن باش ئاگادارن کە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانەیە کە تاکوو ئێستا پەیوەست بە کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردنەکان دژبە ژنان نەبووە، چونکە چییەتیی ڕێژیمی ئێران دژی ژنان و ماف و ئازادییەکانیانە و ئەوە خودی دەسەڵاتە کە بە داڕشتنی یاسای دژەژن و نامرۆڤانە زیاترین ڕێژەی چەوسانەوەی بەنیسبەت ژنان بۆ خۆی تۆمار کردووە.
ڕێژیمی ئێران یەکێک لەو دەسەڵاتانەیە کە بەئاشکرا مافی ژنان پێشێل دەکات، بەپێی ڕیزبەندیی بەرنامەی گەشەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە بواری ڕەگەزییەوە نایەکسانییەکی زەقی تێدایە و لەم بارەوە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان لە ڕیزی ١١٥دا جێگای گرتووە. سەرنجدان بە دۆخی ئێستای ئێران و کوردستانیش پێمان دەڵێت کە بڕیاری دەرکردنی ئێران لەو کۆمیسیۆنە زۆر پێویست بوو و دەبێ بە بایەخەوە چاوی لێ بکرێت. چونکت ئەو بڕیارە لە دژی ڕێژیمێک دراوە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی لە گرتنگەکاندا دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر دەسبەسەرکراوان و لەم پێوەندیەشدا بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە خودی گرتنگەکانەوە درکێندراوە، دەستدرێژییەکان بۆ سەر هەر دوو ڕەگەز بووە، بەڵام ئەوەی کە بە نیسبەت ژنانی دەسبەسەرکراو کراوە زۆر دڵتەزێنترە.
لێدان و ئەشکەنجە، دەستدرێژی سێکسی، ڕفاندن، دەسبەسەرکردنی نایاسایی، بێسەروشوێنکردن، بێڕێزی کردن و بە دەیان جۆری دیکەی توندوتیژی لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەرانبەر بە ژنان کراوە و ئەوەی کە ئێستا دەبێ گرینگیی پێ بدرێت، بایەخی دەرکرانی ڕێژیم لەم کۆمیسیۆنە بە هۆکارەکانی سەرەوەیە.
لەڕاستیدا ئەم دەرکرانە بۆ ڕێژیمی ئێران قورس تەواو بوو، چونکە زیاتر لە ڕابردوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە چییەتیی رێژیم بە وڵاتانی دیکە بناسرێت و بێگومان هەڵوێستەکانیش بەرانبەر بە ڕێژیم دەگۆڕدرێت. لە لایەکی دیکەوە دەرکرانی ڕێژیم، ڕەوایی بەخشین بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئاستی نێونەتەوەیی بوو و هەر ئەمەش وا دەکات کە ڕێژیم ناچار بێت ئاگاداری کردەوە دژەمرۆییەکانی خۆی بێت، چونکە بێتوو ڕێژیم بەمجۆرە سەرەڕۆیانە درێژە بە کردەوەکانی خۆی و بەتایبەت پێشێلکارییەکانی مافی ژنان بدات، ئەوەندەی دیکە ڕۆڵی ڕێژیم لە ئاستی نێونەتەوەییدا لاوازتر دەبێ و ئەگەری ئەستاندنەوەی متمانە لەو ڕێژیمە لە ئاستەکانی دیکەشدا بەهێزتر دەبێت. ئەمەش دەسکەوتێکی گەورە بۆ ژنانە کە بتوانن لەپێناو نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردنەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە خۆیان هەنگاوی قورستر هەڵ بگرن و بێگومان هەمووانیش دەزانین کە ئەمە لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینایە کە هەموو جیهانی بەنیسبەت پرسە پێوەندیدارەکان بە ژنان بەتایبەتی و خەڵک بەگشتی لە کوردستان و ئێران هەستیار کردەوە.
شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک بە پێشەنگایەتیی ژنان بوو، هەر بۆیە دەنگدانەوەی ئەم شۆڕشە لە ئاستی جیهانیدا زیاتر لە هەموو کات توانیی کێشە شاراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەربخات و هەموو چەواشەکارییەکانی ڕێژیمی بەنیسبەت ژنان و ئەو پێگە و دەرفەتانەی کە بە درۆ بانگەوازی بۆ دەکرد کە بۆ ژنانی دابین کردووە، دەرخست. ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا هیچکات وەکوو مرۆڤ مافیان پێ نەدراوە، لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان بێبەری کرابوون و بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی سەرکوت و هەڵاواردندا بوون، بۆیە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری دەرکردنی ڕێژیم توانی هەڵەیەکی زۆر زەقی خۆی لە وەرگرتنی ئەم ڕێژیمە وەکوو ئەندام ڕاست بکاتەوە و ئەمەش دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ژنان تاکوو بتوانن خۆیان بە جیهان بسەلمێننەوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.