کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لابردنی بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە یوتێڵ سات

11:10 - 2 بەفرانبار 2722

لە ئەنجامی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، تۆڕی مانگی دەسکردی "یوتێڵ سات" ڕایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی هەموو بەرنامە تێلێڤیزیۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو تۆڕە ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" تۆڕی مانگی دەسکردی "یوتێڵ سات" ڕۆژی پینجشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەهۆی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، ئەو تۆڕە دەسکردە، بڵاو بوونەوەی هەموو بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی ئێران لە شەبەکەی ماهوارەیی "یوتێڵ سات" دادەخا و هیچ بەرنامەیەکی پێوەندیدار بەو ڕێژیمەوە لە یوتێڵ سات بڵاو نابێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پاش سەپاندنی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی ئەوەیکە دوو کەس لە لێکۆڵەرە بەناو ڕۆژنامەنووسەکانی ڕێژیمی ئێران، بەناوەکانی "ئامینە زەبیح پوور و عەلی ڕەزوانی" لە ئامادەکردن و بڵاوبوونەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەور و نەخشیان هەبووە تۆڕی مانگی دەسکردی یوتێڵ سات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هەموو بەرنامەکانی ڕێژیمی ئێران و تەنانەت ئەو کاناڵانەی کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن، بەرنامەکانیان لەو تۆڕە مانگی دەسکردە بڵاو نابێتەوە.