خاتوو مەنیجە قادرنژاد، ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لەژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەژووری هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، خاتوو مەنیجە قادرنژاد، یەکێک لە ژنە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەکانی حیزبی دێموکرات و کوردستان لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کۆچکردوو لە بنەماڵەێکی نیشتمانپەروەر و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵک لە شاری مەهاباد لە دایک ببوو و لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی پێشمەرگانەدا بە بنەماڵەوە پشت و پەنای تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بوون و خزمەتی بەرچاویان بە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکەمان کردووە.
خاتوو مەنیجە قادرنژاد جیا لەوەیکە بۆ خۆی خانەخوێی تێکۆشەرانی حیزبی بووە، خەسووی پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات ڕەحمان سۆهرابی، یەکێک لە ڕۆڵە قارەمانەکانی قۆناغی بەرگری چەکدارانە و ڕەوای میللەتەکەمان بووە و یەکێکیشە لە کەمئەندامانی سەنگەر و ئێستاش لەگەڵ ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەکەی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا خەریکی تێکۆشانە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە مەنیجە قادرنژاد دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.