کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی هولەند: یەکیەتیی ئورووپا دەبێ سپای پاسداران وەک تێرۆریست بناسێنێت

12:30 - 2 بەفرانبار 2722

نوێنەرانی پارلمانی وڵاتی هولەند لە پەسەندکراوێکدا داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەک تێرۆریست بناسێنێت.

نوێنەرانی پارلمانی هولەند بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە خوێنڕێژەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و ناردنی دڕۆن بۆ وڵاتی ڕووسیە لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە لە پەسەندکراوێکدا داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سپای پاسداران وەک تێرۆریست بناسێنێت و هەروەها داواشیان لە وڵاتی هولەند کرد کە داکۆکی لەو پەسەندکراوە بکات. 

ئەو پەسەندکراوەی پارلمانی هولەند لە حاڵێکدایە کە پێنجشەممەی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، پارلمانی ئاڵمان دانیشتنێکی بۆ پشتیوانیی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بەڕێوە برد و لەو دانیشتنەدا بەشێک لە نوێنەرانی ئەو پارلمانە داوایان ئەوە بوو کە "سپای پاسداران، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم و بەرپرسانی دەزگای دادی ئەو ڕێژیمە" بخرێنە نێو لیستی تێرۆریستیی یەکیەتیی ئورووپا.

هەر لەو پێوەندییەدا مانگێک لەمەو پێش نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا لە دانیشتنێکدا سەرەڕای پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران داوایان ئەوە بوو کە سپای پاسدارانی ڕێژیم بە گشتی بخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و هەروەها باڵوێزخانەکانی ڕێژیم لە خاکی یەکیەتیی ئورووپا دابخرێن.

یەکیەتیی ئورووپا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گەمارۆیەکی زۆری خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران، لەوانە فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیم، کە لە سەرکوتی خەڵکدا ڕۆڵیان هەبووە.