کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێكدانەوەی دەرفەتەكانی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەكان

13:23 - 2 بەفرانبار 2722

لەیلا قادری

دوای ئەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی ٣ی سەرماوەز بڕیاری دا لێژنەیەك بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لە ئێران پێك بھێنێت، سێ ژن وەكوو ئەندامی لێژنەكە دیاری كران. سارا حوسێن لە بەنگلادش، شاهین سەدر عەلی لە پاکستان و ڤیۆیانا کریستیچویچ لە ئارژانتین.

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەمین جار لە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز/ ٢٤ی نۆڤامبر دانیشتنێکی تایبەت بە پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەنجام دا، کە ٢٥ وڵات دەنگی بەڵێیان دا بە ڕەشنووسی پرۆژەی مێکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە لەلایەن وڵاتانی ئەڵمانیا و ئایسلەندەوە ئامادە کرابوو.

دوای دەستبەكاربوونی ئەو لێژنەیە ھەندێك پرسیاری گرینگ ھەن كە لای زۆر كەس درووست بووە، دەسەڵات و ئەركەكانی ئەو لێژنەیە چییە؟ لەوەش گرینگتر کاریگەریی ھەبوونی سێ ژن كە لانیكەم دوویان ھاووڵاتیی وڵاتگەلێكن كە گرینگییەكی زۆر بە مافی ژنان نادەن چییە؟ ئایا پێكھاتەی ئەو لێژنەیە دەرفەتە یان گرفتە؟

ئەندامانی لێژنەكە لەلایەن سکرتێری ئەنجومەنی مافی مرۆڤ هەڵبژێردران و دەبێ تا کۆتایی پەنجا و پێنجەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کە لە مانگی مارسی ٢٠٢٤ بەڕێوە دەچێ، درێژە بەکاری خۆیان بدەن.

بە پێی بڕیارنامەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لێژنەی  نێودەوڵەتیی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بەرپرسیارە لە بەرامبەر پەردەلادان و ئاشکراکردنی ئەو تاوانانەی کە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجامیان دەدات:

١- لێکۆڵینەوەی تەواو و سەربەخۆ لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەر لە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان لە ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢ /٢٥ی گلاوێژی ١٤٠١ بەتایبەت تاوانەکانی بەرامبەر ژنان و منداڵان

٢- ڕاستی و دروستیی سەرپێچی و لادانەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ

٣- کۆکردنەوە و شیکاری و شرۆڤەی بەڵگەکانی تایبەت بەو سەرپێچی و پێشێلکارییانە و پاراستنی بەڵگەکان، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی هەر چەشنە بەدواداچوونێکی یاسایی؛

٤- پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندارەکان؛ لەوانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنکەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نێردەی تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوای لە لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کردووە کە سەرەتا ڕاپۆرتی شەفاهی خۆیان لە پەنجا و سێیەمین دانیشتنی ئەنجومەن کە بڕیارە مانگی جوولای ٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت پێشکەش بکات و دواتر ڕاپۆرتی تێروتەسەلی خۆی لە پەنجا و پێنجەمین دانیشتنی خۆی ڕادەست بکات.

ئەو سێ ژنەی کە لەو لێژنەیەدان، ھەر سێكیان لە چالاكانی دیاری بواری مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنانن. سارا حوسێن لە بەنگلادش و لە بنەماڵەیەكی موسڵمان لەدایك بووە، لەدادگای باڵای وڵاتەكەی كاری كردووە، یەكێك لە ئامادەكارانی ڕەشنووسی یاسای نێودەوڵەتیی ڕێگریكردن لە توندوتیژیی خێزانی لە دژی ژنان بووە.

شاھین سەدر عەلی تەمەنی ٦٧ ساڵە و پاكستانییە، سەرۆكی كۆمسیۆنی نیشتمانیی ژنانی پاكستان بووە، لە بواری یاسای نێودەوڵەتی، مافی مرۆڤ و مافی ژنان و منداڵان چالاكە و ئێستا لە لەندەن ماموستای زانكۆیە.

ڤیۆیانا کریستیچویچ پارێزەرێكی ئەرژانتینییە بەڵام دانیشتووی ئەمریكایە و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ناوەندی دادپەروەری و یاسای نێودەوڵەتیی ئەمریكایە، ماستەرەكەشی ھەر لە زانكۆی ھاروارد وەرگرتووە. یەكێك لە نووسەرانی ڕەشنووسی پرۆتۆكۆلی نێودەوڵەتیی لێكدانەوەی ھەڕەشەكان لە بەرامبەر چالاكانی مافی مرۆڤە و ئێستاش ھەر بەردەوامە.

ئەو سێ ژنە ھەر سێكیان چالاكوانی مافی مرۆڤن، شارەزای یاسان و ھاوكات لە بەرامبەر پرسی ژنانیشدا توند و پێداگرن و ئەزموون و شارەزایی زۆریان لەو بوارە ھەیە. بەتایبەت ھەرڤدوو نوێنەرە بەنگلادشی و پاكستانییەكە خۆیان چالاكوان و بەرگریكاری مافی ژنان لە وڵاتەكەیان بوونە. ھەر بۆیە باشترین بژاردەن بۆ ئەوەی بتوانن بەر لەھەموو شتێك ئەو پێشێلكارییە مافی مرۆڤییانەی لە ئێران بەرامبەر ژنان دەكرێت، سەرەتا لێیان تێبگەن و ئینجا پرسەكە بە حەماسەو زانست و بوێرییەوە بگەیێننەوە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان. 

بەڵام یەكێك لە گرفتەكانی ئەو پێكھاتەیە ئەوەیە كە ھەر سێكیان بەھۆی ئەوەی چالاكوانی بواری ژنان بوونەو ھەن ڕەنگە زۆرترین پێداگری و وردبوونەوەیان لەسەر پرسی ژنان لە ئێران بێت و بەمشێوەیە دۆخی گشتیی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان بكەوێتە پەراوێزەوە.


لە كاتێكدا ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوانی ئەركدار كردووە كە لە دۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەت لەدوای ڕووداوەكانی شۆڕشی ژینا بكۆڵێتەوە، دۆخی بەندكراوان، سزادراوان، شەھیدەكان لەلایەك و ھاوكات ئەو پێشێلكارییە ئێتنیكی و سیاسییانەی بەرامبەر نەتەوەكانی دیكەو لە سەرووی ھەموویانەوە كورد دەكرێت. ھەر بۆیە پێویستە لەگەڵ دەستبەكاربوونیان لە ڕێگەی بەڵگە و داتاكان دۆخی ئێستایان وەكوو خۆی بۆ باس بكرێت و دیمەنەكەی ئێستای ئێران و ڕۆژھەڵاتی كوردستان وەكوو خۆی ببینن و بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بگێڕنەوە.