کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار لە ئێران ٤٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند

15:59 - 2 بەفرانبار 2722

نرخی دراوی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا بە شێوەیەکی بێ‌وێنە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و ڕێکۆردێکی نوێی لە مێژووی ئابووریی ئێراندا بۆ خۆی تۆمار کرد.

بە هەڵکشانی نرخی دۆلاری ئامریکا بۆ ٤٠ هەزار تمەن، بەهای دراوی ئێران تووشی دابەزینێکی بێ‌وێنە بوو، بەجۆرێک کە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم داوایان لە وەزیری ئابووری ئەو ڕێژیمە کرد کە دەبێ سەبارەت بە هەڵکشانی بەهای دۆلار ڕوونکردنەوە بدات. 

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دۆلاری ئامریکا لە بازاڕی ئازاد بە نرخی ٤٠ هەزار و ٣٠ تمەن مامڵەی پێ کراوە.

نرخی دۆلار لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا ڕەوتێکی هەڵکشانی هەبووە، بەجۆرێک کە نرخی دۆلار ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ سەرماوەز، ٣٩ هەزار تمەن بووە و ئەو نرخە لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیک بە هەزار تمەن هەڵکشانی هەبووە.

"ئێحسان خاندووزی" وەزیری ئابووریی کابینەی ڕەئیسی ڕۆژی دووشەممە وەک هەمیشە هەڵکشانی بەهای دۆلاری خستە پاڵ دوژمنانی ئەو ڕێژیمە.
وتەکانی خاندووزی لەحاڵێکدایە کە دوو ڕۆژ پێشتر عەلی ساڵح ئابادی، بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیم هۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی بۆ ڕێژەی سوودی بەهرەی وڵاتەکانی دیکە گەڕاندبووە.

دابەزینی بەهای دراوی ئێران لەحاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی سەد ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ درێژماوە و بەربڵاوترین خۆپیشاندانی خەڵک لە ماوەی دەسەڵاتداریەتیی خۆیدا بەرەوڕوو بووەتەوە.