ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، حاجی عوسمان سوڵتانی خەڵکی گوندی گرداشەوانی ناوچەی لاجانی پیرانشار بەهۆی جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كرد.
حاجی عوسمان لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری ئەو دەڤەرە بوو و وێڕای باب و برا و برازاكانی لە ڕیزی تێكۆشەرانی دێموكراتدا بەوپەڕی لەخۆبردوویی و فیداكارییەوە خەباتیان كردووە و ماڵیان بنكە و پەناگەی پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات بووە، لەو پێناوەشدا سێ برای حاجی عوسمان بە ناوەكانی حوسێن، حامید و حەسەن سوڵتانی گیانی خۆیان پێشكەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان كردووە و لە بەرگری لە ڕێبازی پیرۆزی دێموكراتدا شەهید بوونە.
ناوبراو وەک كەسایەتیی بەرچاوی ناوچە و بەهۆی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و کۆمەڵایەتیبوونی و پیاوچاکی تا ڕادەیەکی زۆر توانیبووی جێگای خۆی لەنێو دڵی خەڵكی ناوچەكە بەتایبەتی و شاری پیرانشاردا بەگشتی بکاتەوە.
حاجی عوسمان تا دواهەناسەی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی برا شەهیدەکانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان مایەوە و هەردەم بە شانازی و سەربەرزییەوە لەسەر درێژەدانی ڕێبازەكەیان پەیمانی نوێ دەكردەوە.
تەرمی ناوبراو سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی سەرماوەز، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە لە گوندی گرداشەوان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسی حاجی عوسمان سوڵتانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.