کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی توندی مووساد لە قووڵبوونەوەی پێوەندیی نێوان ئێران و ڕووسیە

16:24 - 2 بەفرانبار 2722

دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، سەبارەت بە ئاستی پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران و پەرەگرتنی ڕێژەی ناردنی چەکوچۆڵی ئێران بۆ ڕووسیە، هۆشداریی توندی دا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دەیڤید بارنیا، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "مووساد"، لە کۆبوونەوەیەکدا وتی: "ئێمە هۆشداریی توند بە ڕێژیمی ئێران دەدەین کە دەیهەوێ بە شێوەی نهێنی چەکوچۆڵی قورس و سوک بۆ ڕووسیە بە مەبەستی پاڵپشتی ڕووسیە لە هێرش بۆ سەر ئۆکراین هەناردە بکات، لە هەمانکاتیشدا دەیهەوێ ڕووسیە لەبارەی چەکی ناوکییەوە هاوکاریی بکا، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ناهێڵین ئەوە ڕوو بدا".

هەروەها ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ ئامریکا کۆکن لەسەر ئەوەیکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و بەنیسبەت ئەویکە تاران دڕۆنی بۆ شەڕی ئۆکراین بە ڕووسیە دابێ، بەڵگەی تەواویان لەبەر دەست دایە.