کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: مانەوەی حکوومەت لە گرەوی ڕەوایی خەڵک دایە

16:32 - 2 بەفرانبار 2722

پێشنوێژی هەینی مزگەوتی مەکی زاهیدان ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە هیچ حکوومەتێک نەیتوانیوە بە زۆری چەک و زیندان درێژە بە دەسەڵاتداریی خۆی بدا. 

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێزی هەینی مزگەوتی مەکی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بە ئاماژە بەوەیکە کوشتنی خەڵکی ناڕازیی و خۆپیشاندەر لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە چاو هەموو حکوومەتەکانی دیکەی جیهان بێ وێنەیە، وتی: "مانەوەی حکوومەتی ئێران لە دەسەڵات لە گرەوی ڕەوایی خەڵک دایە و هیچ حکوومەتێک نەیتوانیوە بە زۆری چەک و بەندکردن و لەسێدارەدان درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدا".

ناوبراو هەروەها ئەو تۆمەتە ناڕاوایانەی کە لە دادگا نادادپەروەرەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەخرێنە پاڵ دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە وەکوو تۆمەتی "موحاربە و موفسێدی سەر زەوی" بە ناڕەوا و نادروستی ناوبردە وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا کاتێک دەتوانی لە دەسەڵاتی ئێران بمێنێتەوە کە مەشروعیەتەکەی لەلایەن خەڵکەوە وەربگرێت"
.
مەولەوی عەبدولحەمید لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: "قوربانیکردنی دین بۆ مانەوە لە دەسەڵات هەڵەیەکی گەورەیە و حکوومەتی ئیسلامی کاتێک بۆ دەسەڵات گونجاوە کە داوای زۆرینەی خەڵکی ئێران بێ و هەروەها داوای لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد کە کۆتایی بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی گەلانی ئێران بێنن و بچنە ڕێزی خەڵکەوە".