کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی نوێ بەرهەمی کولتووری فیداکاریی پێشمەرگەیە

21:46 - 2 بەفرانبار 2722

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

ساڵانێکی زۆرە ڕۆڵە ئازا و زاناکانی گەلی کورد لەپێناو خزمەتکردن بە نیشتمان و ئازادیی گەلدا خەبات دەکەن و گیان دەبەخشن. کۆماری کوردستان کە یەک لە بەرهەمەکانی خەباتی ڕۆڵە ئازا و زاناکانی نیشتمان بوو، ناوی ئەو هێزە لەبڕاننەهاتووەی "پێشمەرگە" دانا و لەو کاتەوە پێشمەرگە و خەبات بۆ ئازادی، پێشمەرگە و بەرگری لە نیشتمان، پێشمەرگە و کوردستان وەها ئاوێتەی یەکتری بوون کە جیاکردنەوەیان کردەنی نییە و تا کات دەڕوات ئەو ئاوێتەبوونە زیاتر و پتریش دەبێت.

دوژمن هەموو هەوڵی ئەوە بووە پێشمەرگە تەنیا وەک هێزێکی چەکدار پێشان بدات و چەکداری و توندتیژی وەک پێناسەی ئەو هێزە وێنا بکات تا پڕۆپاگەندەی خۆی لەمەڕ شەڕخوازبوون و دژەیاسابوونی بسەلمێنێت. بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەی دوژمن کە دەیهەوێ چەک بکاتە پێناسەی پێشمەرگە، لەنێو گەلدا تێڕوانینێکی دیکە بۆ پێشمەرگە هەبووە و هەیە.

تێڕوانینی گەل بۆ پێشمەرگە بەر لە هەموو شتێک کەسایەتیی ڕووناکبیریەتی، چونکە پێشمەرگە تاکێکە کە هەست بە هەلومەرجی نەتەوەکەی دەکات و لە خوێندنەوەی پێشمەرگەدا نەتەوەکەی ژێردەستەیە و ستەمی لێ کراوە و بە بەردەوامیی ستەمیش وێڕای ئەوەی خاکەکەی داگیر کراوە گەل و ناسنامەی ئەو گەلەش بەرەوڕووی ژنوساید بۆتەوە.

تێڕوانینی گەل بۆ پێشمەرگە ئەوەیە کە پێشمەرگە تەنیا هەست بە مەینەتییەکانی نەتەوەی ناکات، بەڵکوو بە کردەوەش ئامادەیە بۆ سڕینەوەی ئەو مەینەتییانە خزمەت بە گەل و نیشتمان بکات، واتە تەنیا هەستکردن و هاوسۆزی‌کردن ناتوانێ یارمەتیدەر بێ بەڵکوو لە هەمانکاتدا پێویستە بە کردەوەش بەشداری خەباتەکە بکەی. هەر ئەو پڕاگماتیست بوونەیە کە پێشمەرگەیە جیاواز دەکاتەوە لە تاکەکانی دیکەی گەل کە هەست بە دۆخی ژێردەستەیی نەتەوەکەیان دەکەن، بەڵام بوێری یا دەرفەتی بەشداری لە خەباتی بەکردەوەیان لە پێناوی نیشتماندا نییە.

تێڕوانینی گەل بۆ پێشمەرگە ئەوەیە وێڕای ئەوەی هەست بە مەینەتییەکانی گەل و خاک دەکات و بە کردەوەیش خەباتی بۆ دەکات، بەڵام لە پەروەردە و بارهێنانی خۆیشیدا وەک تاکێکی ڕووناکبیری کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو ئەرکەی خۆی بەباشی و زانایی بەجێ بگەیەنێ بێ ئاگا نییە، بەڵکوو هەموو هەوڵێک دەدات و لە هەر دەرفەتێک کە بۆی بلوێ و تەنانەت هەندێک جار لە دۆخێکی زۆر نالەباریشدا، لە پێگەیاندنی خۆی خافڵ نییە. خۆتەیارکردنی بە چەکی زانستیش بۆ ئەوەیە باشتر بتوانێ زانستی نیشتمانپەروەری لە نێو گەلدا پەرە پێ بدات.

تێڕوانینی گەل بۆ پێشمەرگە بەر لە چەکدار بوون و ئازایەتییەکەی بیرکردنەوەی مرۆڤدۆستانە و هەستی ناسکی پێشمەرگەیە کە مێهرەبانییەکی بێوێنەی هەیە و تەنانەت لە شەڕیشدا ئەو هەست و بیرە مرۆڤدۆستانەی لە دەست نادات و بەڵکوو بە پەیڕەوی لە هەموو یاسا و ڕێسایەکی مرۆڤایەتی و شەڕ، درێژە بە خەباتی خۆی لە بەرانبەر دوژمنە دڕندە و بێ‌بەزەیی و دور لە هەر جۆرە پڕەنسیپێکی مرۆڤانە دەدا.

تێڕوانینی گەل بۆ پێشمەرگە ئازایەتیی بێوێنە و فیداکاریی هەمیشەییە کە وایکردوە ئەو ڕۆڵە نەبەزە تەنیا بە چەکی باوەڕی خۆی لە بەرانبەر دوژمنێکی پڕ لە چەکدا ڕابوەستێت و سەرکەوتنیش بە دەست بێنێ و بە ئیرادەی بەرخودان و بەرگری بەردەوام وەبیر گەل بێنێتەوە کە ئێمە دەتوانین، ئێمە بەهێزین، ئێمە شایانی ژیانی ئازادین و ئێمە کەمتر نین لە هیچ گەلێکی ئازادی دیکە لە سەر ئەو گۆی زەوییە. لێرەدایە بە پێچەوانەی ئەوانەی دەیانهەوێ کە تەنیا چەک وەک پێناسەی پێشمەرگە نیشان بدەن، پێشمەرگە وەک تاکێک کە هەستی بە دۆخی نەتەوەی کردووە و، ئامادەیە لەپێناو سڕینەوەی ئەو نەهامەتییانەدا بە فیداکاری هەتا شەهیدبوونی خەبات بکات و بۆ پێگەیاندنی خۆی لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەربگرێ و مرۆڤدۆست بێ لەنێو گەلەکەشی زۆر زۆر خۆشەویستە.

لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا پێشمەرگە وانەی فیداکاری و نیشتمانپەروەری لە نێو گەلدا بڵاو دەکاتەوە، ئەگەر لەنێو گەلدا ئەو تاکانەی کە شەڕەفی پێشمەرگایەتیشان نەبووبێ بە بەرجەستەکردنی ئەو تایبەتمەندییانە لە خۆیدا هاوکار و هاوخەباتی و پشتیوانی پێشمەرگە دەبێ کە دەتوانێ ئەرکی پێشمەرگە ئاسانتر، ئازادیی گەل و خاکیش ئاسانتر مسۆگەر بکات. هەربۆیەشە ئەمڕۆ لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا کە دەبینین کوردستان یەکپارچە شۆڕش و فیداکاری و خەباتە یەکێک لە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وانەی فیداکاری و نیشتمانپەروەری پێشمەرگە لەنێو گەلدا. لەو سۆنگەیەوەش پێشمەرگە بە هەموو ئەوانەی لەو شۆڕشەدا بەشداری چالاکن، پێیان دەڵێ پێشمەرگە و بە هاوخەباتی خۆی دەزانێ.

شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەلماندی کە کولتووری فیداکاریی پێشمەرگە بۆ خزمەتکردن بە نیشتمان لەنێو گەلدا ڕەگی داکوتاوە هەر تاکێک بە هەر شێوەیەکی کە بۆی دەکرێ خزمەتی گەل و خەباتەکەی بکات، هاوشانی پێشمەرگەی خەباتکاری ئەو گەلەیە. بەو پەڕی دڵنیاییەوە بێتوو کولتووری فیداکاریی پێشمەرگە لەنێو زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بەرجەستە بێ، ئەوەندە بەهێز دەبین کە بتوانین گەورەترین زۆرداری مێژووی مرۆڤایەتی بشکێنین و ئازادیی یەکجاریی خۆمان وەدەست بێنین.
 

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.