کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێز و سەقامگیری، دووانەی لێکدانەبڕاوی ئەمنییەت

21:52 - 2 بەفرانبار 2722

ئاڕمان حوسێنی

هێز و سەقامگیری لە بنەما سەرەکییەکانی ئەمنییەت لە هەر وڵات و کیانێکی سیاسی‌دان. بە واتایەکی دی هەر نەتەوە یان وڵاتێک کاتێک دەتوانێ بڵێ ئەمنییەتی یەکانگیری هەیە، کە توانیبێتی ئەم دوو فاکتەرە بنەڕەتییەی هاوکات لەگەڵ یەکتری بووبێت. بە ڕوویەکی دیکەدا ئەمنییەت بەبێ هێز و سەقامگیری بەدی نایەت، چ لە وڵات بیت، چ لەنێو نەتەوەیەکی وەک کورد کە هەتا ئێستا وەک شوناسێکی سەربەخۆ لە ئێراندا دانی پێدا نەنراوە و ... . لەم ڕووەوە بۆ بەدیهاتن و دەستەبەری ئەمنییەتی نەتەوەیی چ لە وڵاتێکی سەربەخۆدا و چ وەک بەشێک لە هەر وڵاتێک، ئەشێ دوو فاکتەری هێز و سەقامگیری بوونیان هەبێت و یەکانگیر بووبن.

سروشتییە چەمکەکانی هێز و سەقامگیری پێناسەی جۆراوجۆریان لێ بکرێت و هەر بەو پێیەش تێگەیشتنی جیاوازیان لەسەر دروست بێت، بەڵام نەتەوەی کورد لە ئێران پێویستە هەر لە ئێستاوە پێناسەیەکی ڕوون و دیاریکراوی لە چەمکی ئەمنییەت هەبێت و بۆ ئەوەی ئەو نەتەوەیە بە یەکگرتوویی و دڵنیایی تەواوەوە پڕۆسەی بەنەتەوەبوونی خۆی بپێوێ، دەبێ ئەم پێناسە گشتییە لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی، ڕووناکبیران و ئیدئۆلۆگەکانیەوە فۆڕمولە بکرێت.

بە دیدێکی کراوەتر بێتوو ڕێڕەوی ڕێبازەکەمان ڕوون بێت و بزانین کە بۆچی فڵان ئەکت و کردەمان بەکۆ بووە، لە سۆنگەی چییەوە فڵان ڕۆژ مانمان گرتووە و بێدەنگ بووین و...؛ یان بە واتایەکی دی لەوە تێگەیشتین ئەمنییەتی نەتەوەییمان بە چی دەستەبەر و چۆن خەوشدار دەبێت و چۆن دەکرێ بنەڕەتەکانی بەهێز بکرێن؛ ئەوکات دەتوانین هیوادار بەوە بین کە ئەمنییەتی نەتەوەیی یەکانگیرمان هەیە.

هەڵەیە پێمان وابێت تەنیا بەتەنیا خاوەنێتیی هێز، چ هێزی سەربازی، ئابووری، سیاسی، تێکنۆلۆژی و... ئەمنییەتمان مسۆگەرە، لەبەر ئەوەی سەرەڕای هێز و دەسەڵاتی ڕێژەیی، بەڵام ئەو هێزە بەبێ فاکتەری سەقامگیری بۆش و لەرزۆکە و کۆڵەکەکانی ئەم ئەمنییەتە لە ئەگەری هەر گوشارێکی نێوخۆیی و دەرەکی دەکەوێتە لەرین.

دەبینین وڵاتانێکی دەوڵەمەندی وەک عەرەبستان، ئیمارات و تەنانەت ئیسڕائیل و زۆر وڵاتی دی سەرەڕای خاوەنێتیی هێزی ئابووریی زەبەلاح و سوپای سەربازیی کۆک و پۆشتە بە بەردەوامی لە بەردەم تیغی هەڕەشە و مەترسیی ئەمنییەتی‌دان. هۆکارەکەی ڕوونە کە چەندی لە ڕووی چەکوچۆڵ و ئابووری و تێکنۆلۆژیی شەڕ و زانیارییشەوە بەهێز بیت، بەڵام دیسان گرووپێکی -گچکە و کەم‌ئەژمار- دەتوانێ بە دڕۆنێکی خۆکوژ هەڕەشە لە ئەمنییەت و سەقامگیریت بکات و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکەکەتدا دروست بکات.

ئاکامگیری لەو کورتەباسە ئەوەیە: فاکتەری سەقامگیری لە دنیای ئەمڕۆدا کە دەکرێ بە ئاسانی ئەمنییەتی ئەوانیدی بخرێتە مەترسییەوە گرینگ و یەکلاکەرەوەیە، هەروەها بە سەقامگیری دەکرێ ئەو باڵانسە دروست بکرێت و وێڕای هەبوونی هێز و دەسەڵات بە ئامانجی بەرگێڕەوە، وابکەیت لایەنی بەرانبەر و ئەوانیدیش نەیانهەوێ و نەشتوانن هەڕەشە و مەترسییت لەسەر دروست بکەن؛ چونکی ئێوەش دەتوانن بە لانیکەمی کەرەستە و ئامرازەوە ببنە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر لایەنی بەرانبەرتان.

بۆ دەستەبەری حاوانەوە و سەقامگیریی هەمیشەیی چەند خاڵ و پڕەنسیپێکی جیهانداگر دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی ببینن، وەک گرتنەبەری ڕێوشوێنی دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازانە و داننان و ڕێزگرتن لە مافی وەک‌یەکی ئەوانیدی و بنەڕەتەکانی دابینبوون و دەستەبەری ئەو مافانە بۆ هەمووان. لەوەها دۆخێکدا تەنانەت بێتوو ڕەوت و گرووپێکیش بیانەوێ هەڕەشە لە ئەمنییەت و سەقامگیریتان بکەن ناوێرن دەست بۆ ئەم کارە ببەن، چونکی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئیزنی ئەوەیان پێ نادات. کەواتە چارەسەر و ڕێکاری بەکردوەی شیاو بۆ دەستەبەری ئەمنییەتێکی یەکانگیر، هەبوون و خاوەنێتیی هاوکاتی هێز و سەقامگیرییە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.