کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی کانادا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران

11:28 - 12 سەرماوەز 2722

وڵاتی کانادا لە درێژەی گەمارۆکانیدا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی خستە سەر ٨ کەس و ڕێکخراوی ئەو ڕێژیمە.

مێلای جوولی، وەزیری دەرەوەی کانادا، ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەهۆی پێشێلکردنی سیستماتیک و ئاشکرای مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران کە ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە، کانادا گەمارۆی خستووەتە سەر ٣ بەرپرسی ڕێژیمی ئێران و ٥ ڕێکخراوی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران.

ناوبراو هەروەها وتیشی: کانادا بەهۆی پێشێلکردنی مافی ژنان و کچانی ئازادیخواز و سەرکوتی دڕندانەی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە گەمارۆی زیاتر بەسەر ئەو ڕێژیمەدا دەسەپێنێ.

حەسەن کەرەمی، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ڕێژیم، عەلی قەناعەتکار، لێکۆڵەری دادسەرای ئێڤین، مورتەزا تەڵایی، فەرماندەی پێشووی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لە تاران و هەروەها چەند ڕێکخراوی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم وەکوو ڕێکخراوی"بەهارستان کیشی"، لەو کەس و ڕێکخراوانەن کە وەکوو بکەرانی سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن کاناداوە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.