کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: قەیرانەکانی عێراق، سووریە و لوبنان تەنیا بە کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئێران چارەسەر دەبن

10:52 - 3 بەفرانبار 2722

سەرکۆماری فەرانسە ڕایگەیاند کە ئەو قەیرانانەی کە لە وڵاتانی عێراق، سووریە و لوبنان هەیە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تێیدا ڕۆڵ دەگێڕێت، ڕۆڵی تاران کەم بکرێتەوە چارەسەر دەبێت.

ڕۆژی هەینی، ٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، ئێمانوئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەرانسە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەلنەهار" لە پێوەندیی لەگەڵ کۆنفرانسی بەغدا کە لە ئۆردۆن بەڕێوە چوو، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قەیرانەکانی لوبنان، عێراق و سووریە تا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا دەستێوەردان بکا، هیچکات هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێ، دەبێ هەوڵێکی زۆر بدرێ کە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا کەم بکرێتەوە.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە پێویستە ڕێبەریی لوبنان لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕی بەسەر‌دا بێت و ڕۆڵی نەرێنی حیزبوڵڵای لوبنان لە بناغەی سیاسەتی ئەو وڵاتە کەم بکرێتەوە، لەبەر ئەوەیکە کە حیزبوڵڵا سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بۆ بەرژەوەندی خۆی و  ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بەکاری دێنێ و هەروەها لە عێراق و سووریەش گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕۆڵی تەواویان هەیە لە ناسەقامگیریی و دروستبوونی قەیرانەکان لە ناوچەکەدا، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێ کە تاران هیچ ڕۆڵێکی لە ناوچەکەدا نەمێنێت.