کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینی شاری تایباد، سەبارەت بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران

11:24 - 3 بەفرانبار 2722

شۆرای مامۆستایانی ئایینیی شاری تایباد سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات دووپات کردەوە و هەروەها کردەوە جینایەتکارانەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بە توندی مەحکووم کرد.

شۆرای مامۆستایانی ئایینی سوونە لە شاری تایباد، سەر بە خوراسانی ڕەزەوی، ڕۆژی هەینی ٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەرەڕای پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران، بە توندی سەرکوت، کوشتن و لەسێدارەدانی بەندکراوانی ئەو ڕاپەڕینەیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا شایەتی، ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵکی گەلانی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتین کە ئەو خۆپیشاندان و ڕاپەڕینە لە زوڵم و زۆری ڕێژیم، هەڵاواردنی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمەوە دژی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بەهۆی نەبوونی بەرپرسانی دڵسۆز سەرچاوەی گرتووە.

نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە تایبەتی کورد و بەلووچ، بەهۆی کەمیی داهاتەوە ناچارن ڕوو لە کۆڵبەری و سووتەمەنیی بەری بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کە ڕێژیم تەنانەت ئەو کارەشیان پێ ڕەوا نابینی و دەیانداتە بەر دەسڕێژی گوللـە و دەیانکوژێت.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا شۆڕای ئایینی مامۆستایانی تایباد، سەرەڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینە لە هەموو شارەکانی ئێران، ڕایانگەیاند کە ئێمە پشتیوانیی لە مافە ڕەواکانی خەڵک دەکەین و کردەوە جینایەتکارانەکانی ڕێژیم مەحکووم دەکەین.