کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێمانۆئێل ماکرۆن: ئیدانەی هێرشی چەکداری بۆ سەر کوردانی فەرانسە دەکات

11:38 - 3 بەفرانبار 2722

سەرکۆماری فەرانسە بە دوای هێرشی چەکداری بۆ سەر ناوەندی فەرهەنگیی "ئەحمەد کایا" لە پاریس و گیانلەدەستدانی سێ هاووڵاتیی کورد، ناوبراو ئەو هێرشەی بە کردەوەیەکی دزێو وەسف کرد.

ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری وڵاتی فەرانسە سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشە نووسیویەتی کە "کوردانی دانیشتوو لە وڵاتی فەرانسە لە ناوەندی پاریس کراونەتە ئامانجی هێرشێکی دزێو، من لێرەوە هاودەردیی خۆم لەگەڵ بنەماڵەی گیانلەدەستداوان و برینداربووان ڕادەگەیەنم".

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵان و خەڵکی فەرانسە بە چەکەوە هێرش دەکاتە سەر ناوەندی فەرهەنگیی "ئەحمەد کایا" لە شاری پاریس و لە ئاکامدا ٣ کەس دەکوژێت و ٤ کەسی دیکەش بریندار دەکات. 

بەدوای ئەو هێرشە چەکدارییە کوردان و بەشێک لە هاووڵاتییانی خەڵکی فەرانسە لە چەندین شوێنی وڵاتی پاریس کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەحمەد کایا ساڵی ١٩٥٧ لە شاری مەلەدیی کوردستانی باکوور لەدایک بووە. 

کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئاڵبۆمی خۆی بە ناوی مەگری کۆرپەکەم بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی شێوازەکەی؛ شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات.

لە ساڵی ١٩٩٩ کایا براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی چاپی تابلۆید دەبێت کاتێک خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵاو دەکرێ وەردەگرێت، ڕای دەگەیەنێت: "من گۆرانییەکی کوردیم لەنێو ئاڵبۆمە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم. گومانم نییە گەلێک کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئاڵبۆمە تازەکەم بڵاو بکەنەوە" دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، ھونەرمەندە تورکەکان هێرشی دەکەنە سەری و دەڵێن: "خائین! بڕۆ دەرێ".
ئەحمد کایا دواتر لە دادگای ئەمنییەتی نیشتمانیی تورکیە تۆمەتی خیانەت بە نیشتمانی درایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئێعدامیشیان بۆ کرد.

گرینگترین ئاڵبۆمی ئەحمەد کایا گۆرانییەکانم بۆ چیاکانە و پربایەخترین گۆرانیی ئەو ئاڵبۆمەش گریانەکانمانە کە تەنانەت دژبەرەکانیشی دانیان بەوە دانا ئەو گۆرانییە چەند پر بایەخە.

ئەحمەد کایا ساڵی ٢٠٠٠ لە پاریس ماڵاوایی لە ژیان کرد و لە گۆڕستانی پێرلاشێز بە خاکی غوربەت ئەسپێردرا.