کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران

12:09 - 3 بەفرانبار 2722

٥٠ پارێزەری ئەندام لە ئەنجوومەنی پارێزەرانی پارێزگای تەورێز لەلایەن دەزگای دادی ڕێژیم حوکمی هەڵپەساردن و هەڵوەشاندنەوەی بەڵگەنامەی پارێزەرییان بۆ دەرکرا.

سینا یوسفی، پارێزەر و سەرۆکی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤیی ئەنجوومەنی پارێزەرانی پارێزگای تەورێز ئاشکرای کرد کە ناوەندی "حیفازەت و ئیتلاعاتی دەزگای دادی" ڕێژیمی ئێران حوکمی هەڵپەسرادن و هەڵوەشاندنەوەی بەڵگەی پارێزەریی ٥٠ پارێزەریان بۆ ئەو ئەنجوومەنە ناردووە کە دەبێ جێبەجێ بکرێت.

بە دوای ناردنی ئەو حوکمە بۆ ئەنجوومەنی پارێزەرانی پارێزگای تەورێز یووسفی، دادستانی ئەو ئەنجوومەنە لە جێبەجێکرنی ئەو حوکمە خۆێ دەبوێرێت و لە ئاکامدا ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار بەهۆی گوشاری زۆر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەستی لە کار کێشایەوە.

ناوەندی حیفازەت و ئیتلاعاتی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران خولێکی نوێی گوشار بۆ سەر ئەو پارێزەرانەی کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ دەکەن دەست پێ کردووە و بەمشێوەیە لە هەوڵدایە ئەو پارێزەرانە ناچار بکات دەست لە کار بکێشنەوە.

ناوەندی حیفازەت و ئیتلاعاتی دەزگای دادی ڕێژیم وەک چوارەمین دەزگای ئەمنییەتی دێتە ئەژمار کە لە پاڵ وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی فەراجا لە سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەردا ڕۆڵی هەیە.