![](/content/upload/1/news/576602_w920.jpg)
وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ڕاستای پەرەپێدانی منداڵ هاوسەریی لە ئێران لە بەخشنامەیەکدا ڕایگەیاند، کە کچانی هاوسەردار دەتوانن لە قوتابخانەکان درێژە بە خوێندن بدەن.
وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی هاندان و بڕەوپێدانی منداڵ هاوسەریی و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بۆ کچانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ، قەدەغەبوونی کچانی هاوسەرداری بۆ خوێندن لە قوتابخانەکان ڕەت کردەوە و لە بەخشنامەیەکدا ڕایگەیاند، کە ئەو کچانە دەتوانن لە قوتابخانەکان درێژە بە خوێندن بدەن.
پێشتر کچانی هاوسەردار ڕێگەیان نەبوو لە قوتابخانە و قوتابخانە دواناوەندییەکان، ڕۆژانە لە پۆلەکانی خوێندن ئامادە بن و وانە بخوێنن.
ڕابعە ئیمامی ڕەزەوی، ڕاوێژکاری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە کاروباری ژنان لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند، کە شورای باڵای پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە قەدەغەبوونی کچانی هاوسەرداری لە قوتابخانەکان ڕەتت کردووەتەوە.
ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کەمیی حەشیمەت بەروڕوویە و لە ڕێگای جۆراجۆری وەک: "ڕێگەپێدانی کچانی هاوسەردار لە قوتابخانەکان، زیادکردنی قەرزی بانکیی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و هەروەها ئاسانکاری لە وەرگرتنی ئەو قەرزە" و دەیان ڕێکاری دیکە لە هەوڵدایە لاوان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش هان بدات.