کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤی ئێران: هەینی خوێناوی زاهیدان، کارەساتبارترین کوشتنی ساڵ لە ئێرانە

14:35 - 3 بەفرانبار 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێ سەرنجی زیاتر بدا بە جینایەتەکانی ڕێژیم لە زاهیدان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا سەرەڕای ئاماژە بە هەینی خوێناوی زاهیدان و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران کە دەڵێ، خەڵکی خۆپیشاندەری زاهیدان کەڵکیان لە چەک وەرگرتووە، ڕادەگەیێنین کە هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە سەلمێنەری ئەو بێ خەڵکی زاهیدان کەڵکیان لە چەک وەرگرتووە و ئەو تەنیا چەواشەکارییەکانی ڕێژیمە بۆ سەرپۆش دانان لە سەر جینایەتەکانی لەو شارە.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها داوای لە کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان کرد کە دەبێ ئەو ڕێکخراوەیە سەرنجی زیاتر بخاتە سەر کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام بە هەموو جۆرە چەکێک ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و تەنیا بەهۆی داواکردنی مافە ڕەواکانیان دەیانداتە بەر دەسڕێژی گوللـە و گیانی لێ دەستێنێت.