کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی عیلمییەی قوم، داوای لەسێدارەدانی خێرای خەڵکی دەسبەسەرکراو دەکا

16:47 - 3 بەفرانبار 2722

کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی عیلمییەی قوم، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی دەزگای دادی ڕێژیم کردووە کە لێبڕاوانە سزایەک بەسەر دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینەدا بسەپێنن کە خەڵکی دیکە دەرسی لێ‌ وەربگرن.

کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی عیلمییەی قوم، ڕۆژی هەینی، ٢ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕوو بە دەزگای دادی ڕێژیم سەرەڕای سپاسکردن لەو دەزگایە کە ئەرکەکانی بە باشی بەڕێوە بردووە، داوای کردووە کە ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی دژی دەسەڵات دەسبەسەر دەکرێن دەبێ سزاگەلێکی وەکوو" موحاربە، موفسیدی سەر زەوی و یاغییان" بە سەردا بسەپێنن و خێرا لەسێدارە بدرێن کە خەڵکی دیکە دەرسی لێ وەربگرێن.

ئەو کۆمەڵەیە هەروەها وتیشی، ئەگەر دەزگای داد سزای قورس بە سەر ئەو کەسانەدا نەسپێنێ ئەو وڵاتە تووشی بشێوی دەبێ و سەپاندنی سزای قورس بە سەر دەسبەسەرکراواندا و جێبەجێکردنی خێرای سزاکان دەبێتە هۆی ئارام بوونەوەی دۆخەکە و کێشەکانی وڵات چارەسەر دەبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا پێشتریش عەلی خامنەیی، داوای لە دەزگای دادی ڕێژیم و دادستانی گشتیی ئێران کردبوو کە بۆ سەرکوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە سزای سێدارە و بەندکرانی درێژماوە کەڵک وەربگرن.