کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردن و هەڵپەساردنی ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە خوێندن

17:42 - 3 بەفرانبار 2722

ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە زانکۆ دەرکراون و پێیان ڕاگەیەندراوە کە بۆیان نییە بگەڕێنەوە بۆ زانکۆ و ژمارەیەک خوێندکاریش لە خوێندن هەڵپەسێردراون.

ڕۆژی شەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی،  هەواڵنامەی ئەمیرکەبیر کە یەکێک لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی ئەمیر کەبیری تارانە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووتەوە کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ بێ ئەوەیکە کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیسیپلین (ئینزیبات) بەڕێوە بچێ، دەرکراون و هەروەها ڕێگەیان نەداوە خوێندکاران خزمەتگوزارییەکانی زانکۆ بەکار بێنن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی "حەراسەت"ـی ڕێژیم لە زانکۆ لە کاتی شەودا هەڵیان کوتاوەتە سەر خوێندکاران و بە توندوتیژی و لێدان لە خەوتنگەی زانکۆ دەریان کردوون و ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم لە زانکۆکان بە خوێندکارانیان ڕانەگەیاندووە کە نابێ لە خەوتنگەکان بمێننەوە.

لە ڕاپۆرتی ئەو بڵاوکراوەیە هاتووە کە زیاتر لە ١٢ کەس لە خوێندکارانی زانکۆی باهونەری کرمان، لەلایەن ڕێژیمەوە سزای دەرکردنییان بەسەردا سەپاوە و ٨٠ خوێندکاری دیکەش هەڵپەسێردراون.

هادی نۆبەهاری بەرپرسی گشتیی سەرۆکایەتی زانکۆی شەریف باسی لەوە کردووە ٣٣ حوکمی سەرەتایی بۆ خوێندکارانی ئەو زانکۆیە دەرکراوە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە لە دەسپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، هەتا ڕێکەوتی ٢ی بەفرانبار، ٦٥٦ خوێندکار لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.