![](/content/upload/1/news/57725_w920.jpg)
کۆمپانیاکانی پێوەندی و گواستنەوە، لەبارەی زۆربوون و بەردەوامیی فیلێرینگ هۆشداریی داوە کە ئەگەر بەردەوام بێ تووشی شکست دەبین.
ڕۆژی شەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمپانیاکانی شاتێل، ئیرانسێل و موبیننێت، لە نامەیەکدا کە بۆ وەزارەتی پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان ناردووە، باسیان لەوە کردووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو داهاتیان بەهۆی سنووردارکردنی ئینتێرنێت دابەزیوە و ئەگەر ئەو فیلتەرینگە بەردەوام بێ کۆمپانیاکانی پێوەندی و گواستنەوە تووشی شکست و داخستن دەبن.
لە درێژەی نامەکەدا وا باس کراوە کە دۆخێکی زۆر قەیراناوی لە ئارادایە کە شایانی قەبووڵکردن نییە ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێ ئەوە بە دڵنیاییەوە دەبێ کۆمپانیاکانی پێوەندی و گواستنەوە لە تەواوی ئێراندا دابخرێن.
هەروەها ئیرانسێل وتوویەتی کە لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا نزیکەی ٨٠٠ میلیارد لە داهاتیان کەمی کردووە و ئەوەش زیانێکی گەورەیە وەبەر ئیرانسێل کەوتووە.
بە دوای ڕاپەڕێنی گەلانی ئێران، کاربەدەستانی ڕێژیم بە مەبەستی کۆنترۆڵی خۆپیشاندانەکان و سەرکوتی خەڵک، زیاتر لە سێ مانگە ئینتێرنێتی سنووردار کردووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فیلتێر کردووە.