![](/content/upload/1/news/57726_w920.jpg)
دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران دۆسیەی پێداچوونەوەی سزای محەممەد قوبادلووی ڕەت کردەوە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێ ئێعدام بکرێت.
سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، دیوانی باڵای ڕێژیم بڵاوی کردەوە کە دۆسییەی پێداچوونەوەی محەممەد قوبادلوو و سامان یاسین دووهاووڵاتیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام قەبووڵ کراوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێر لەو بڵاوکراوەیە ئەو دیوانە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە دادگای پێداچوونەوەی قوبادلوو ڕەت کراوەتەوە و دەبێ ئێعدام بکرێت.
حوکمی ئێعدامی قوبادلوو لەلایەن لقی ١٥ی داداگای ڕێژیم بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەلەواتی، دەرکراوە.
سەلەواتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە دەیان حوکمی ئێعدام و زیندانیی درێژماوەی بۆ چالاکانی مەدەنی و سیاسیی لە ئێران دەرکردووە.
محەممەد قوبادلوو لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی، یەکێک لەو زیندانییانەیە کە بە کردنە ژێرەوەی بەشێک لە مەئموورانی پۆلیس و کوشتنی پاسدار فەرید کەرەم پوور تاوانبار و حوکمی ئێعدامی بۆ دەرکراوە.