کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشادانەکان لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران

10:47 - 4 بەفرانبار 2722

لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی ئاخوندی شەقامی زۆربەی شارەکانی ئێران، بوو بە شوێنی خۆپیشاندان و دروشمدان دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئێران.

پاش بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لەلایەن لاوانی شۆڕشگێری گەلانی ئێرانەوە بۆ بەشداریی بەربڵاوی خەڵک لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، شەوی ڕابردوو شەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و هەروەها بڕووخێ کۆماری پەت و سێدارە ڕژانە سەرشەقامەکان.

لاوانی شۆڕشگێر و بوێری خەڵکی شارەکانی کوردستان بە تایبەتی لە شارەکانی سنە، بۆکان، سەقز، مەهاباد و زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستان لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم، بە ئاگرکردنەوە و داخستنی شەقامەکان و دروشمی ژن ژیان ئازادی، شەهید نامرێ و هەروەها مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.

لە شاری تاران پێتەختی ئێران خەڵکی شۆڕشگێری ئەو شارە لە چەندین گەڕەک و شەقامی سەرەکیی ئەو شارە بەکردنەوەی ئاگر لە کەشێکی ئەمنییەتیدا بە دروشمی"خامنەیی، خومەینییەکی دیکەیە، هەردووکیان خائینن، دولارەکانمان بۆ لوبنان و گەنجەکانمان بۆ زیندان" خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

لە تاران لە گەڕەکەکانی شارەکی چیتگەر، شارەکی ئێکباتان، گەڕەکی حەوت حەوز و جەنەت ئاباد، خەڵک درێژەیان بە خۆپیشاندان دا.

لە کەرەج لە گەڕەکەکانی گوڵشەهر و مێهرشەهر، خەڵک بە دروشمی ژن ژیان ئازادی و هەروەها خامنەیی ڕێبەری موسلێمینە، نۆکەری ڕووس و چینە، گڕوتینێکی دیکەیان بە خۆپیشاندانەکان دا.

کە لە شارەکانی مەشهەد، ئیسفەهان و بەندەر عەباس، دژی ڕێژیمی ئێران هاتنە سەر شەقام و پێداگریی خۆیان لەسەر ڕووخانی ڕێژیم دووپات کردەوە.