کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیلاری کلینتۆن، داوا لە بایدن دەکا هەر جۆرە وتووێژێک لەگەڵ ئێران ڕابگرێ

11:24 - 12 سەرماوەز 2722

هێلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئامریکا، بەمەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران داوای لە دەوڵەتی ئامریکا کردووە کە هیچ جۆرە وتووێژێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەکات و کۆتایی بە وتووێژەکانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بێنێت.

هیلاری کلینتۆن، وەزیری پێشووی دەروەی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "سی‌ئێن‌ئێن" بەمەبستی پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران وتی: "لە ئێستادا نابێ دەوڵەتی بایدن، درێژە بە وتووێژەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بدا و دەبێ هەموو جۆرە وتووێژیک لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ڕابوەستێنێت".

ناوبراو لەدرێژەی وتووێژەکەیدا وتی: "ئەگەر من ئێستا لەسەر کار بایەم و وەزیری دەرەوەی ئامریکا بایەم هەموو جۆرە وتووێژیکم لەگەڵ ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە کە تەنانەت مافی منداڵان و ژنانیش پێشێل دەکا، ڕادەگرت".

کلینتۆن لە کۆتایی قسەکانیدا بە پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران وتی کە لە ئێستادا کاتی ئەوەیە کە ئامریکا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکات و نابێ دەوڵەتی ئامریکا جۆرێک دەربکەوێ کە لە کاتێکدا خەڵکی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمەوە بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت دەکرێن، ئامریکا دەیهەوێت لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بە ڕێککەوتن بگا.