کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی کوردان و ئێرانییەکانی نیشتەجێی وڵاتانی جیهان لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕین دژی رێژیم

11:08 - 4 بەفرانبار 2722

گەلانی ئێرانی دانیشتووی وڵاتانی جیهان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، لە زۆربەی ناوچە و شارەکانی وڵاتانی ئورووپایی و جیهان لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان.

ڕۆژی شەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژە بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان کە دانیشتووی وڵاتانی جیهانن لە هەموو چین و توێژەکانی وەکوو چلاکانی سیاسی، مەدەنی و ڕێکخراوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو بە دروشمی دژ بە خامنەیی و ڕێژیمەکەی ڕژانە سەر شەقامەکان و پاڵپشتی خۆیان لە خەڵک  دەربڕی.

خۆپیشانداران  وێنەی شەهیدانی ڕاپەڕین و بەندکراوانی خۆپیشاندەر کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شەهید و دەسبەسەر کراون، نمایش دا و  بە نیشانەی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی وەکوو حکوومەتێک کە ڕەوایی نەماوە و گەلانی ئێران بەبێ تاوان لەنێو دەبا و بە سەرکوتی خوێناوی خەریکە کارەساتی گەورەتر دەخوڵقێنی، پیشانی دەوڵەت و بەرپرسانی باڵای وڵاتانیان دا.

ئەو وڵاتانەی کە خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوە چووبوو بریتی بوون لە ئاڵمان، تورکیە، دانمارک، ئیرلەند، ‌گۆرجێستان، کانادا و چەندین ویلایەتی ئامریکا.