کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی شانۆی سویس، فستیواڵی فەجری بایکۆت کرد

11:48 - 4 بەفرانبار 2722

یەک حەوتوو پاش بانگەوازی گرووپی هونەرمەندانی سینەما و شانۆی دەرەوەی ئێران بۆ بایکۆتی فستیواڵی فەجر، یەکەمین گرووپی شانۆی دەرەوەی وڵات، ڕایگەیاند کە ئێمە بەشداریی فستیواڵی ڕێژیمی ئێران ناکەین.

گرووپی شانۆی" ڤوڵکس بۆنە" لە شاری"بازڵ"ی سویس، ڕۆژی شەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، وەکوو یەکەمین گرووپ پاش بانگەوازی گرووپی هونەرمەندانی سینەما و شانۆکارانی دەرەوەی وڵات بۆ بایکۆتکردنی فستیواڵی فەجر، ڕایگەیاند کە بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات و پشتیوانیی لە خەڵکی راپەڕیوی گەلانی ئێران، ئێمە بایکۆتی ئەو فستیواڵە حکوومەتییە دەکەین و گرووپەکەمان لەو فستیواڵەدا بەشدار نابێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ ئاڵمان، ئەو گرووپە شانۆییە بە شێوەیەکی فەرمیی بۆ نمایشکردنی کارەکانیان بانگهێشتی فستیواڵی فەجر کرابوون، بەڵام ئەو گرووپە تەنیا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بایکۆتی ئەو فستیواڵەیان کردووە.

گرووپی هونەرمەندانی فیلم و شانۆی دەرەوەی ئێران تەنیا ماوەی مانگێکە بە مەبەستی پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دامەزراوە و تا ئێستا دوو بەیاننامەی سەبارەت بە بەشدارنەبوونی هونەرمەندان و سینەماکارانی بەیانی لە فستیواڵی فەجر بڵاو کردووتتەوە و ڕایگەیاندووە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر سەرکوت، کوشتن و لەسێدارەدانی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و هەروەها پشتیوانیی لە هونەرمەندان و سینەماکارانی ئێرانی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تەنیا بەهۆی داواکردنی مافە ڕەواکانیان دەسبەسەر کراون بایکۆتی ئەو فستیواڵە حکوومەتییە دەکەین.