کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا، ڕێنسانسی عەقڵانییەتی دەسەڵات و حوکمڕانی

15:47 - 4 بەفرانبار 2722

سەلام ئیسماعیل‌پوور

لەم ڕۆژانەدا ئیران و کوردستان شایەتی شۆڕشێکی نوێین کە بەپێچەوانەی شۆڕشەکانی پێشوو لە جیهانی سێیەمدا، بە دڵنیاییەوە یەکێک لە پێشکەوتووترین و مرۆڤایەتیترین شۆڕشەکانە. شۆڕشێک کە هەموو بەپێچەوانەی تابۆی باو و چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی تەسک، بووە بە یەکەمین شۆڕش کە لەوێدا ژنان و نەتەوەکانی ژێردەست ڕۆڵی لۆکۆمۆتیو بۆ بەرەوپێشبردنی دەگێڕن کە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بنەماکانی سێ چەوساندنەوەی ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەروەها نەتەوەیی و چینایەتی دەپێکن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک تێکەڵاوێک لە هەموو جۆرەکانی زۆرداری و کۆکردنەوەی هەموو تاوانەکانی باندێکی مافیایی لە خۆیدا، وەک ڕێژیمێکی سیاسی بۆ سەرکوتی ئەو شۆڕشە سەڕەرای هەموو ئەزمونێک کە لە سەرکوتکردندا هەیەتی شکستی خواردووە. ئەو ئاگرەی کە بە کوشتنی ژینا لە کوردستان گڕی گرت، ئێستا بڵێسەی گەیوەتە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران و بووەتە هۆی یەکگرتنی بزووتنەوە پێشکەوتووەکانی گەلانی ئێران و سەرنجی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بەڵام لە هەمان‌کاتدا ئەو هاودڵییەی کە لە شەقام دروست بوو دوژمنایەتیی دو چینی لێ کەوتەوە. یەکەمیان کۆماری ئیسلامی و دووەمیان لایەنگرانی پاشایەتی کە وەک هەمیشە دەیانەویست خۆیان وەک ئاڵترناتیڤی سەرەکیی ڕێژیم بنوێنن.

ئەوەی لەو وتارەدا ئاماژەی پێ دەکرێ هەموو ئەو هەوڵانە دەگرێتەوە کە هەر لە سەرەتای ئەو ڕاپەرینەوە بە دیسکۆرسی ناوەندگەرایانە بەدوای بێ ‌نێوەڕۆک‌کردنی خەباتی ڕادیکاڵ و بێ واتاکردنی دروشمەکانی شۆڕش بوون. خێرایی بڵاوبوونەوەی ئەو شۆڕشە کە بە ڕێبەریی نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەتی نەتەوەی کورد و ژنانی هەمیشە ستەملێکراو لە ئارادایە، هەستی دژایەتی و ئێرەیی ئەو توێژە لە سیاسەتوانە ناوەندگەرایانەی بزواند، هەربۆیە هەر لە سەرەتاوە بە درۆ خۆیان لەگەڵ شۆڕش نیشان دەدەن؛ بەڵام لە ڕاستیدا خۆیان دور دەگرن، تەنانەت ئەگەر بانگەوازێک دەدرا تا کاتێک کە بە شێوەیەکی پڕاکتیکی هاتنی خەڵک بەرەوپێل بانگەوازیان نەدەدیت خۆیان دور دەگرت و دواتریش هەر زوو هەموو هەوڵی خۆیان دەخستە گەڕ هەتا خۆیان بە خاوەنی چالاکی نیشان بدەن و بە دونیای دەروە وەک چالاکیی خۆیان بیفرۆشنەوە؛ خۆ ئەگەر خەڵکیش بەرەوپیلی بانگەوازەکان نەهاتبا ئەوا لە ناخەوە خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانی.

لە خۆڕا نەبوو کە هاوکات لەگەڵ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەدوای داهینانی دروشمی کۆمیکی وەک "زن، زندگی، پهلوی" ودواتریش "مرد، میهن، آبادی" بکەون، کە نیشانەی ترسی ئەوان لە دروشمی ژن ژیان ئازادی بوو. چونکە ئەو دروشمە بنەما هزرییەکانی ئەوان وەک باوکسالاری و تەواویەتی خاک و بەرەوپێشبردنی ئابووری کردبووە ئامانج. ئەو دروشمە تەنیا دژی ڕژیم ئێستا نەبوو، بەڵکوو دژایەتیی لەگەڵ هەموو ئەو بنەما فکرییانەی ئەوان هەیە کە وەک تابۆیەک لە مێشکیاندا چەسپاوە، ئەو دروشمە کە سەرچاوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئازادیی ڕاستەقینە و هەروەها لابردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە خۆیدا بەرجەستە دەکات، هەموو دامەزراوەی فیکریی ئەوانیش کە تەنیا هەوڵی گەندەڵی لە دەسەڵاتدا دەدەن، دەکاتە ئامانجی خۆی.

ئەوانە بە هێنانەئارای ئاڵایەکی کۆن، پێداگریی دەمارگرژانە لەسەر یەک‌نەتەوەبوونی ئێران و ڕەتکردنەوەی فرەڕەنگ‌بوون و جیاوازییەکانی کە هەن، خۆشاردنەوە لە پشت دروشمی تەواویەتیی خاک و هەروەها بە دانانی مەرج بۆ هاوپەیمانی ئەویش لەلایەن بنەماڵەی دیکتاتۆری پێشوو کە زۆر جار تێڕوانینی هاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسداران و ئەرتەش و هەموو دامودەزگای مرۆڤکوژیی ڕێژیم هەیبووە، هەموو هەوڵی خۆیان بە ئاراستەی لاوازکردنی ئەو یەکگرتنە و هەروەها گوڕینی ڕوانگەی ئەرێنیی خەڵکی ناوەند خستە گەڕ، بیگومان ئەو هەوڵانە وێڕای لاوازکردنی جووڵانەوەی دێموکراسیخوازی سودی تەنیا بۆ ڕێژیم و دەزگای حاکم هەبوو.

کەسانێک وەک کوڕی دیکتاتوری پێشوو کە دەبینێ شوێن‌پێیەکی ئەوتۆی لەنێو چالاکییەکاندا نییە، تەنانەت دروشمی "مرگ بر ستمگر، چە شاە باشد چە رهبر" وەک تاشەبەرد، بەر سەریان دەکەوێ لە لایەک هەوڵی سانسورکردنی هەموو چالاکییەکانی شۆڕشی ژینا و نەتەوە بندەستەکانی دەدەن و لەلایەکی دیکەوە بە دروشمی پیاوسالارانە چیرۆکی هەمیشەیی تەواویەتیی خاک بەرجەستە دەکەن، هەتا بە هەموو ئێرانییەکان بڵێت ئەوە کۆماری ئیسلامی نییە کە مەترسیی لەسەرە، بەڵکوو ئەوە وڵاتی ئێرانە کە مەترسیی لەسەرە بۆوەی ئەوانەی دوودڵن لە پشتیوانیکردنی شۆڕش پەژیوانیان بکاتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا کوڕی شا ڕۆژی ٢١ سەرماوەز کە ساڵڕۆژی سەرکوتی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری و حکوومەتە خودموختارییەکانی ئەوان بە دەستی ئەرتەشی باوکیەتی، وەک ڕۆژی ڕزگاریی ئازەربایجان و یەکگرتنی نەتەوەیی ڕابگەینێ هەتا بە مانای تەواوی وشە نامۆبوونی خۆی لە گەڵ ڕاستییەکانی شەقام پێشان بدات و بە جۆرێکیش پشتیوانیی خۆی بۆ سەرکوتی کوردستان و بەلوچستان پێشان بدات. ئەو شێواز بیرکردنەوەیە لەنێو هێزەکانی ناوەندگەراش دیکەی کڕیاری خۆی هەیە، ئیمە کە ئەولەوییەتی یەکەممان ڕووخاندنی ڕێژیمە، نابێ بێ ئاگا بین لەو شێواز بیرکردنەوە و دیسکۆرسە نەخۆشە. ئەو دیسکۆرسەی کە بە چاوی وڵاتە داگیرکراوەکانی پاشایەتی سەیری کوردستان و نەتەوە بندەستەکان دەکات وخۆی بە خاوەن و، دانیشتووانی سەرەکی ڕاستەقینەی ئەو خاکەش بە کڕێنشین و ڕەعیەتی بێ‌زەوی دەزانن کە تەنیا بۆ بێگاری و چەوساندنەوە لەوێن و هیچ مافیکیان نییە!

ئەزموونی مێژووی سیاسیی ئێمە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دیسکۆرسە دەری دەخات بێتوو جارێکی دیکە حوکمڕانی پێناسە نەکرێتەوە و دان بە فرەنەتەوە و فرەڕەنگ‌بوونی ئێراندا نەنرێت؛ سیستمی حوکمڕانی پاشایەتی بیت یا کۆماری، سێکۆلار بێت یا ئایینی، سۆسیالیستی بێ یا لیبراڵی، سەرۆکایەتی بێ یا پاڕلەمانی، دیکتاتۆڕیی تاکڕەوانە بێت یا حکوومەتی یاسا، لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی سیستەمی داگیرکەر و داگیرکراودا خۆی دەبینێتەوە، چونکە ئەوەی کە لە ئێراندا هەر لە بنەڕەت‌ڕا بە هەڵە دانراوە، فەلسەفە یا سیستەمی حکوومەت نییە، بەڵکوو فەلسەفەی حوکمڕانی و عەقڵانییەتی وڵات‌دروستکەرە. یا بە مانەیەکی دیکە ئەوەی لە یەکەمجاردا پێویستی بە گۆڕان هەیە نیوەڕۆک یا فۆرم و فەلسەفەی حکوومەت نییە، بەڵکوو فەلسەفەی حوکمڕانی و خوێندنەوەی ڕەسمی لە حوکمڕانیی باوە.

پرسی سەرەکی لە ئێران کە بۆتە هۆی ئەوەی نە دین کارایی مرۆڤدۆستانەی هەبێت و نە سیاسەت، دەرباز نەبوون لە عەقڵانیەیتی سەردەمی فتوحات بۆ دەوڵەت‌سازیی مودیرنە. تا ئەوکاتەش حوکمڕانی بەرهەمی ئەو تێڕوانینە بێت، تەنانەت کەشی سیاسی و فوڕم و جیهانبینیی ئۆپۆزیسیۆنیش هەر بەو شێوەیە بێت، دووبارە سیستمی ئاغا و ڕەعیەتی و پارێزگاری لە میراتی داگیرکەری دروست دەبێتەوە. لە سیستەمێکی لەو شێوەیەدا هەموو چەمکەکانی سیاسیی کلاسیک ومودێرن دەبێ بگوڕدرێن، بۆ ئەوەی بتوانن دۆخی داگیرکەر و داگیرکراو شی بکەنەوە. ئێران دەبێ لە خوولانەوە لەو بازنەیەدا بێتە دەرێ کە بەردەوام هەندیک خۆ بەخاوەن و هەندیک بە کرێنشین دەزانن.

بۆ کەسێکی کورد یا بەلووچ تا ئەوکاتەی زێدی باب و باپیرانی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەریی فتوحاتی نەتەوەی دیکەدا بێت و ناسنامەکەی و پەیوەندیی ئەو لەگەڵ خاکەکەی بە فەرمی نەناسرێت، ناو یا سیستەمی حکوومەت لە تاران گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئەودا دروست ناکات، هەر چۆن کۆماری دێموکراتیکی فەڕانسە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە ژیانی ئەلجەزایری داگیرکراو نەبوو، هەر وەک بریتانیا و ئیسرائیلی دێموکراتیک ساڕێژی برینەکانی فەلەستین یا هیندی داگیرکەری نەدەکرد.

تا ئەوکاتەی لە کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران نرخی ئازادی و دیاریکردنی مافی چارەنووس لە پێش تەواویەتیی خاک (کە ناوەکەی دیکەی پارێزگاری لە فتووحات بە هەر نرخیکە) نەبێ، قەیرانی مڵهوڕی و هەروەها بەرەپێشچوون چارەسەر نابێت. چونکە پێداگری لەسەر تەواویەتیی خاک بە مانای کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵات لە ناوەند و حوکمڕانی تەنیا لە ناوەند، بێ گرینگیدان بە مافی نەتەوەکان و ویستی خەڵکی شەقام، پێویستی بە ڕێژیمێکی دیکەی سەرکوتکەری دژەمرۆڤی وەک کۆماری ئیسلامییە.

ناوەندگەراکان ناتوانن چاوەڕوانیی ئەوەیان هەبی لە تاران لەژێر سێبەری حکوومەتێکی مرۆڤدۆست و دێموکراتیکدا دابنشن، بەڵام لە هەمانکاتدا بە پێداگری لەسەر تەواویەتیی خاک دژی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، واتە بنەمای سەرەکی حوکمڕانی بن. ناوەندگەراکان ناتوانن ئازادی و کەرامەتیان بۆ خۆیان بوێ، بەڵام بۆ هاونیشتمانتان کوێلایەتی بخوازن، هەربۆیە یا هەموو پێکەوە ئازاد دەبین یا پێکەوە ژێردەستەی دیکتاتوری دەمێنینەوە.

بە کورتی و پوختییەکەی ئەوەی کە دەبی لە ئێراندا لەپێناو سەقامگیری دێموکراتیکدا گۆڕانکاریی بە سەردا بێت ڕوانگەی حوکمڕانییە و، هەتا ئەوکاتەی ناوەندگەرایەک کاتێک لەگەڵ چالاک یا ڕۆژنامەنوس یا سیاسەتوانێکی نەتەوە بندەستەکان دادەنیشێت و پێشمەرجی دیالوگ ئەوە دادەنێت کە بزانێ چەندە باوەڕی بە تەواویەتی خاکی ئێران هەیە، تەنانەت هەبوونی سەرۆک‌کۆماریکی کورد یا پاشایەکی بەلووچ ناتوانێ پرسی کورد و بەلووچ چارەسەر بکات و، بۆ نموونە کورد و بەلووچ بەردەوام لە بەرانبەر ئەو سیستمە سیاسییەی ئێران و عەقلانییەتی پشتی ڕادەوستن.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٧ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.