کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی بەشکۆی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕین لە بۆکان

17:41 - 4 بەفرانبار 2722

سەرەڕای هەموو گوشارەکانی هێزەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕین لە بۆکان، خەڵکی بوێر و قارمانی بۆکان بەشدارییان لەو ڕێوەڕسمەدا کرد و پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، سەرەڕای میلیتاریزەکردنی ڕێگاکانی گۆڕستانی شەهیدانی ڕاپەڕینی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، خەڵکی کۆڵنەدەر و بوێری شاری بۆکان ڕۆیشتنە سەر گۆڕی شەهیدانی شۆڕشی"ژینا" و پەیمانی وەفاداری و درێژەدانی ڕێگە و ڕێبازی شەهیدانیان لەگەڵ نوێ کردەوە.
پاش کۆتایی ڕێوڕەسمەکە خەڵکی ئازا و بوێری بۆکان هەموو پێکەوە بە دروشمی "شەهید نامرێ" بەرەو نێوشار وەڕێ کەوتن.

هەروها ئەمڕۆ، بەبۆنەی چلەی ١١ شەهیدی شاری بۆکان کە لە شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە شەهید کران، هەموو دووکانداران و بازاڕییانی شاری بۆکان، بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینە دووکان و بازاڕەکانیان داخستبوو.