کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاناڵێکی کانادایی: ٩٠ کەس لە دەسبەسەرکراوان لە ئێران مەترسیی ئێعدامیان لەسەرە

17:45 - 4 بەفرانبار 2722

هەواڵدەریی "سی‌بی‌سی" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ٩٠ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران بە تۆمەتگەلێک تاوانبار کراون کە سزاکەیان لە ئێراندا تەنیا سێدارەیە.

هەواڵدەریی "سی‌بی‌سی" وڵاتی کانادا، ڕۆژی شەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، سەبارەت بە سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی بڵاوی کردەوە کە "لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٥٠٦ کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزکانی ڕێژیم لە ئێران گیانیان لە دەست داوە کە ٦٩ کەسیان منداڵن و هەروەها لە ئێستادا ٩٠ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە بە تۆمەتی "موحاربە و موفسێدی سەر زەوی" لە دادگاکانی ئێراندا دادگایی کراوان کە ئەو تۆمەتانە لە یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سزاکەیان سێدارەیە".

دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا مۆحسێن شکاری و مەجید ڕەزا ڕەهنەوەردی لە دادگایەکی نادادپەروەردا بە تۆمەتی موحاربە بە تاوانبار ناساندووە و لە سێدارەیانی داوە، جیاواز لەو کەسانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەی زۆری دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە.

هەر لەم پێوەندییەدا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم و کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی عیلمییەی قوم داوایان لە دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە خێرایی دەسبەسەرکراوانی ئەو ڕاپەڕینە لە سێدارە بدا.