کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی لاوانی شۆڕشگێڕی سنە ڕوو بە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران

09:55 - 5 بەفرانبار 2722

لاوانی بوێر و شۆڕشگێڕی سنە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە هەموو خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران کردووە، کە بە مانگرتن و ڕاپەڕینی گشتی، کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاخوندی بێنن.

لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکانی سنە ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕوو لە خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران داوای مانگرتن و ڕاپەڕینی گشتیی خەڵک دژی ڕێژیمی ئاخوندی دەکەن و وتوویانە: "ئایا کاتی کۆتایی ڕێژیم نەهاتووە؟ ئایا کاتی ئەوە نییە کە بەسەر ترسەکانماندا زاڵ بین و یەکدەنگ ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ببینەوە؟!"

لە بەشێکی دیکە ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئێمە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانمان لە برسییەتیدا نامرین و دەبێ بیر لە خوێنی بە ناحەق ڕژاوی گەنجان و لاوانی وڵاتەکەمان بە دەستی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بکەینەوە و ڕێگەیان تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان درێژە پێ‌ بدەین و هەموومان پێکەوە کۆتایی بەو دەسەڵاتە بێنین".