کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەسبەسەرکراو لە بەندیخانەکانی ڕێژیم

11:28 - 5 بەفرانبار 2722

مەئموورانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەندیخانەکان، دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنانی دەسبەسەرکراو و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانبەری ١٤٠١ی هەتاوی، نەرگس محەممەدی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا کە لەنێو بەندیخانەدا بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە مەئموورانی ڕێژیمی ئێران لەنێو بەندیخانەکاندا بەوپەڕی دڕندەییەوە دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ئەو ژنانەی کە لە شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێراندا، دەسبەسەر کراون و هەروەها بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن.

ناوبراو لە درێژەی نامەکەیدا بە پشتبەستن بە بەڵگەی تەواوی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەسبەسەرکراو لەلایەن مەئموورانی ڕێژیمەوە نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی بە شێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەو کارە نامرۆڤانە دەکا و ڕاستەوخۆ مەئموورانی بەندیخانەکانی ڕاسپاردووە کە بۆ ئەشکەنجەدانی بەندکراوانی ژن، دەستدرێژی سێکسی بکەنە سەریان و ئەشکەنجەیان بدەن، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە جیانەیەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەو دیوی دیواری بەندیخانەکانەوە".