کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی سەرکۆماری ئوتریش لە خەڵکی ڕاپەڕێوی ئێران

12:36 - 5 بەفرانبار 2722

ئێلێکساندر فێن دێربلێن سەرکۆماری وڵاتی ئوتریش لە سەدەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، لە تویتێکدا پشتیوانیی لە سەد ڕۆژ مانەوەی خەڵکی خۆڕاگری ئێران و کوردستان دژی بە ڕێژیمی پەت و سێدارە لە شەقامەکان کرد.

سەرکۆماری ئوتریش لە تویتێکدا سەبارەت بە سەدەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکان لە ئێران نووسیویەتی: "ئەمڕۆ سەد ڕۆژ لە شەهیدبوونی ژینا (مەهسا) ئەمینی تێپەڕ بوو. هەزاران کەس لە مانگی خەرمانانەوە خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن، ئەو کەسانە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی گیانی خۆیان فیدا دەکەن من دەستخۆشی لە خۆڕاگری و بوێریی ئەو خەڵکە دەکەم".

هەروەها لە تویتێکی دیکەدا سەبارەت بە سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕوو لە ڕێژیمی ئێران نووسیویەتی: "خەڵکی جیهان پشتیوانیی لە جووڵانەوەی گەلانی ئێران دەکەن، لە سەرتاسەری جیهان خەڵک بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا هاوخەمی دەردەبڕن. توند و تیژی، نادادپەروەری و زوڵم دەبێ ڕاگیرێت".

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەی چەند ڕۆژ لەمەو پێش هەموو نوێنەرانی پارلمانی ئوتریش کەفالەتی سیاسیی خۆپیشاندەرانی مەحکووم بە ئێعدامیان لە ئێران وەئەستوو گرت.