قوتابخانەکانی شاری سەقز، بەبۆنەی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید دانیاڵ پابەند، شەهیدی دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مانیان گرت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز بە بەشداریی ئاپۆرای خەڵکی قارەمانی کوردستان ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی شەهید دانیاڵ پابەندی بەڕێوەچوو و قوتابیانی هاوپۆلیشی بەو بۆنەیەوە مانگرتیان ڕاگەیاند و نەچوونەوە بۆ قوتابخانە.
خەڵکی قارەمانی شاری سەقز و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لە چلەی شەهید دانیاڵدا وێڕای دانی دروشم دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سروودی نەتەوایەتیی کوردی یادی چلەی ناوبراویان بەرز ڕاگرت.
جێگای ئاماژەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی شەهید دانیاڵ گرتبوو، بەڵام خەڵکی بوێری سەقز بێ گوێدان بە هێزەکانی ڕێژیم، ڕێوڕەسمی چلەی شەهید دانیاڵیان بەڕێوە برد.
شەهید دانیاڵ پابەندی، قوتابیی تەمەن ١٧ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، بە تەقەی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز شەهید کرا.