کاک حوسێن ئیسماعیلزادە، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، کاک حوسێن ئیسماعیلزادە، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات و کوڕی گەورەی حاجی هەمزەی نۆبار، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد کە بەشداریی شەڕی چەکداری ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی کردبوو و دواتر لەلایەن ڕێژیمەوە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر درابوو، بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری بۆکان بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک حوسێن لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پەیوەست بوو بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و لە هێزی ١١٠ی بەیان دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد و پاش چەند ساڵ پێشمەرگایەتی لەسەر ئیزنی حیزب وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، بەڵام ناوبراو هەمیشە کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات بوو و پاش خۆشی دوو برا و دوو کوڕی ڕێبازی دێموکراتیان هەڵبژارد و بوونە پێشمەرگەی کوردستان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک حوسێنەوە سەرەخۆشی لە کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.