کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیا حەکاکییان: تەنیا هێزێکی داگیرکەر دەتوانێت لەگەڵ خەڵکەکەی ئەوا هەڵسوکەوت بکات

19:00 - 5 بەفرانبار 2722

ڕۆیا حەکاکییان، لە ١٠٠ ڕۆژەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە تویتێکدا دەستخۆشی لە  دەسکەوتەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو لەو ماوەیەدا کرد و هەڵسوکەوتی بێ بەزەیانەی ڕێژیمی لە بەرانبەر خەڵکی ڕاپەڕیودا سەرکۆنە کرد. 

ڕۆیا حەکاکییان شاعیر و نووسەری خەڵکی ئێران لە سەدەمین ڕۆژی شۆڕشی ژینادا لە تویتێکدا سەرەڕای دەستخۆشی لە خەڵکی ڕاپەڕیو، نووسی:" ئەو کارەی کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چووار مانگی ڕابردوودا لەگەڵ خەڵکی خۆپیشاندەر ئەنجامی داوە تەنیا هێزێکی داگیرکەر دەتوانێت لەگەڵ خەڵکەکەی ئەنجامی بدات".

هەروەها ئاماژەی بە وشەی ڕێفۆرمخواز کردووە و وتوویەتی، ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتدارانی تاران لە ڕێگای ئەو وشەیەوە سەرپۆشیان لەسەر ناوەڕۆکی توندوتیژانەی ئەو ڕێژیمە دانا و خەڵکیان پێ فریو دا، ئیتر ئەو دەورانە کۆتایی پێ هاتووە. 

هەتا ئێستا هونەرمەندان، شاعیران و نووسەران بە شێوازی جۆراجۆر لە سەرتاسەری جیهان پیشتیوانیی خۆیان لە ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەربڕیوە و سیاسەتی دژە مرۆیی ڕێژیمی ئێرانیان سەرکۆنە کردووە.

ڕۆیا حەکاکیان نووسەری کتێبی "قاتڵانی کۆشکی فیرووزە"یە، ئەو کتێبە پەردە لەسەر گەڵاڵەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی تێرۆرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵدەگرێت کە لەودا سێ کەس لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێرۆر کران.

کتێبەکە هەڵگری چۆنیەتی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، "فەتاح عەبدولی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، "هومایوون ئەردەڵان" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و "نووری دێهکوردی" دۆستی حیزبە کە لە ١٧ی سێپتامبری ساڵی ١٩٩١ بەرامبەر بە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی لە ڕێستورانی "مێکۆنووس" لە شاری " بێرلینـ"ـی پێتەختی ئاڵمان تێرۆر کران.

قەتڵە زنجیرەییەکان بریتی بوون لە لیستەیەکی ٥٠٠ کەسی کە لەلایەن "خومەینیـ"ـیەوە مۆری بەڕێوەبردنیان لەسەر درابوو و ئەو گەڵاڵەیە بە تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کۆتایی پێهات.